گوندەکە بەتەواوی چۆڵکراوە
لە ئامێدی بۆمباران زیان بە ماڵی دوو هاوڵاتی دەگەیەنێت
964+
هێڤی دێوالی- دهۆک
ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوچە سنورییەکانی قەزای ئامێدی بۆردومان کرا، بەو هۆیەوە پارچەی تەقەمەنی بەر ماڵی هاوڵاتیەک لە گوندی گوهەرز کەوتووە، ئەمڕۆ ئەوە دووەمجارە ئەو گوندە تۆپباران دەکرێت، جاری یەکەم دیواری ماڵێکی بەتەواوی رووخاندووە.
گوندی گوهەرز دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی، لەماوەی 10 رۆژدا ئەمە پێنجەم جارە گوندەکە بۆردومان دەکرێت.
هاوڵاتییەکی ئەو گوندە بۆ 964 قسەیکردووە. دەڵێت، “تۆپبارانەکانی چەندی رۆژی رابردوو و ئەوەی ئەمڕۆش ترسی لای هاوڵاتیانی گوندەکە دروستکردووە، زیانی گیانی نەبووە تەنیا زیانی مادی هەبووە، بەڵام گوندەکە بەتەواوی چۆڵکراوە”.
ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، جگە لەوەی زیانی بەر خانوویەک گەیاندووە، ئۆتۆمبێڵی خاوەنی ئەو ماڵەش زیانی بەرکەتووە.