جامانە؛ لەسەر سەرەوە بۆ چواردەوری مل
+964
مریەم ئەحمەد – هەولێر
جامانە، کە مۆرکێکی فۆلکلۆری و رەسانایەتی کوردەواری هەیە، توانیویەتی خۆی لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکان بگونجێنێ و ئێستا گەنجان بە مۆدێلی نوێ گونجاندوویانە لەگەڵ جلوبەرگی سەردەم.
وەک دەڵێن جامانەبەستن لەسەر سەر کەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا فرۆشی هەیە، چونکە شێوازی بەکارهێنانەکەی گۆڕاوە و ئێستا گەنجان لە ملی دەئاڵێنن و لەگەڵ جلوبەرگە مۆدێرنەکاندا لە وەرزی زستاندا دەیگونجێنن.
جامانە، وەک لە فەرهەنگی هەمبانە بۆرینەی هەژار موکریانیدا هاتووە، پارچە قوماشێکە پیاوان دەیکەنە سەر. مێژوویەکی نزیک بە سەد ساڵی لەناو کورددا هەیە و لە کۆندا و لەناو پیاوە بەتەمەنەکانی ئێستاشدا زۆر دەبیندرێت.
“کڕینی جامانە زۆر کەم بووە، ئەوەندەی هەشە پیاوە بەتەمەنەکان دەیکڕن”، بەختیار جەبار، خاوەنی دوکانی فرۆشتنی جامانە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر وای بە +964 وت.
دەشڵێت؛ لە بۆنە نەتەوایەتییەکانی وەک نەورۆز، فرۆشی جامانە زیاتر دەبێت.
ئێستا جامانە لەسەرکردن نەماوە، بەڵکوو کەمێک هاتووەتە خوارەوە و گەنجان لە ملیانی دەئاڵێنن، ئەوەش وەک شیکپۆشی و کەشخەیی بەکار دەهێنن.
دلێر شێرزاد، گەنجێکی دانیشتووی شاری هەولێرە، ئەو بۆ +964ـی روون کردەوە، بەهۆی کەم لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی جامەنە لەسەرکردنیش کەم بووەتەوە، “ئێستا جامانە بەکار دێت، بەڵام لەسەر ناکرێت، بەڵکوو زستانان لە مل دەکرێت و گەنجان لەگەڵ جلە مۆدێرنەکانیان بە پێی رەنگەکانیان دەیگونجێنن.”
ئەوە وای کردووە ئێستا جامانەش خۆی لەگەڵ بارودۆخەکە راهێناوە، هەر وەک جاران رەشوسپی نەماوەتەوە، مۆدێل و شێوازی جیاواز و رەنگی جیاوازی لە بازاڕەکاندا پەیدا بووە.