زیاتر لە 39 هەزار دۆنم چێندراوە

گەنمەشامی دەشتی هەولێر حەشر دەکات

964+

توانا نەقی

دەشتەکانی هەولێر و دەورووبەری بە گەنمە شامی تەنراون و هەتا چاوبڕکات مەرەشەکان ئاوی گەنمەشامییە چێندراوەکان دەدەن.

لە هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە گرنگی بە بەرهەمی گەنمەشامی دەدرێت، بەڵام ساڵی پار و ئەمساڵ رووبەرێکی زۆر زەوی کە هەزاران دۆنمە بە گەنمەشامی چێندراون.

چنار محەمەد بەڕێوەبەری پلاندانان لە کشتوکاڵی هەولێر بە 964ـی وت، رێژەکە لە چاو ساڵی پار زۆر زیادی کردووە بە جۆرێک لە ساڵی 2022 رووبەری چێندراو 23 هەزار و 90 دۆنم زەوییە، بەڵام بۆ ئەمساڵ 39 هەزار و 30 دۆنم زەوی بە گەنمەشامی چێندراوە.

وتیشی، زەوی هەرێکی کوردستان زۆر لە بارە بۆ گەنمە شامی بەمەرجێک ئاوی لێنەبڕێت چونکە ئاوێکی زۆری پێویستە، جوتیارەکان گەنمە شامییەکە بۆ خواروو ناوەڕاستی عێراق دەنێرن.

964 دەزانێت تێچووی هەر دۆنمێک زەوی چێندراو بە گەنمەشامی 500 هەزار دینارە بۆ کێڵان و بنەتۆ و پەینی کیمایی و ئاودان.

بەرهەمی ساڵی 2022 گەنمەشامی 80 هەزار و 815 تۆن بووە و بەرهەمی ساڵی 2023 هێشتا دروێنە نەکراوە بەڵام چاوەڕێدەکرێت زۆر زیاتر بێت ئەم ئامارانە تەنیا بۆ سنوری پارێزگای هەولێرە.

هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە 964+ـی راگەیاند، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا یەکەمجارە بەم شێوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی بگاتە ئەو ئاستە و ساڵی پار 500 هەزار تۆن بەرهەم هاتبوو.

وتیشی، بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان لە 80٪ـی لە پارێزگای هەولێر و ئەوەی تری لە شارەکانی تر بەرهەم دەهێنرێت، “کەش و هەوای هەرێمی کوردستان باشترین کەش و هەوایە بۆ بەرهەمی گەنمەشامی”.

گەنمەشامی بۆ جوتیاران ئاسانترە و بەرهەمی زیاترە، هەروەها بۆ ئالیکی ئاژەڵ سوودی لێ دەبیندرێت، لەگەڵ ئەوەش سێیەمین بەروبوومی جیهانییە لە دوای گەنم و جۆ.

گەنمەشامی بۆ خاکی هەرێمی کوردستان تازەیە، ئەو دانەوێڵەیە زیاتر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئەمریکا و ئەمریکای باشور دەچێندرێت، چونکە پێوییستی بە رۆژی گەرم و شەوی فێنکە.