لە گەرمیان و سلێمانی

ئەگەر مامەڵەکەت لە رێگەی ڤایبەرەوەیە گلەیی لە نرخەکەی مەکە

+964

هونەر فارس – کەلار

کۆمپانیایەکی رایکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی گەرمیان و سلێمانی بۆ کۆپیکردنی هەر پێناسەیەک هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگرێت، هاتوچۆش دەڵێت تەنیا لە رێگەی ڤایبەرەوە وایە.

کۆمپانیاکە بە ناوی ژاڵەی دەربەندە و لە هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی گەرمیان و سلێمانی، کاری کۆپیکردن و رایکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان دەکات.

هاوڵاتیەک کە بەمەبەستی تەحویلکردنی ئۆتۆمبێلەکەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیانی کردبوو، وێنەیەکی بۆ 964 ناردووە و تێیدا دەردەکەوێت، بۆ کۆپیکردنی کارتێکی نیشتمانی و رەگەزنامەیەکی عێراقی، دوو وەسڵی بۆ کراوە و بۆ هەر دانەیەکیان بڕی هەزار دیناری لێوەرگیراوە.

ئەو هاوڵاتییە بۆ 964 وتی، “بڕی ملیۆنێک و 400هەزارم لە نوێکردنەوە و گەڕانەوەی غەرامەی ئۆتۆمبیلەکەمدا خەرج کرد، بەڵام بە قەدەر ئەو دوو هەزارە باری شانم قورس نەبوو، وام هەست کرد بە زۆر لێم وەردەگرن، چونکە لە دەرەوە هەردەوکی بە 500 دینارە”.

پەیامنێری 964 بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی بە سامان عەلی، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیانەوە کرد، ئەویش پێی راگەیاندین: کۆمپانیاکە لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە رەزامەندیان وەرگرتوە و بە سیستم کار دەکەن.

باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی ئەو سیستمەی ئەوان کاری پێدەکەن، ئەو هاوڵاتیانەی مامەڵەکانیان لە رێگەی ڤایبەرەوە دەنێرن، بۆ کۆپی هەر دانەیەک هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر ناسنامەکانیان پێبێت و پێویست بە ناردن نەکات لە رێگەی ڤایبەرەوە، تەنیا بە 500 دینار بۆیان کۆپی دەکرێت.

964، زیاتر بەدواداچوونی کرد و کارتێکی نیشتمانی، کارتێکی زانیاری و فۆڕمێکی خۆراکی بردە یەکێک لە ئیستنساخەکانی بازاڕی کەلار، ئەوانیش بۆ هەریەکێک دوو کۆپیان لەبەر گرتەوە و خستیانە نێو دوو فایلەوە، لە بەرامبەردا تەنیا دوو هەزاریان لە پەیامنێری 964 وەرگرت، لە کاتێکدا لە رێگەی ڤایبەرەوە لە کۆمپانیای ژاڵەی دەربەند نزیکەی 10 هەزار دیناری تێدەچوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

+964صورة من منصة (شبكة):