تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لەکاتی پێشکەشکردنی چالاکی. وێنە:964+
دوای 47 ساڵ تیپی مۆسیقای پاشای گەورە دەرکەوتەوە
964+
ئاسۆ وەرتی – سۆران
دوای 47 ساڵ لە دامەزراندنی، تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لە رواندز، یەکەمین دیدار و فێستیڤاڵی هونەری ئەنجام دا.
ئەو دیدارە هونەرییە، ئەمشەو چوارشەممە لە قەزای رواندز بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک هونەرمەند و کەسایەتی قەزاکە ئامادەی بوون، چەندین بەرهەمی کۆن و نوێی تیپی پاشای گەورە پێشکەش کران.
ئامانج غازی سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە 964ـی وت، “دوای 47 ساڵ لە دامەرزانی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، یەکەمجاره بەم شێوەیە بەرهەمەکانی خۆی نمایش بکات، ئەم ساڵ تایبەت بوو بە چالاکییەکانی تیپەکە، ساڵی ئاینده بە نیازین تیپەکانی هەموو کوردستان لە رواندز کۆبکەینەوە، بۆ ئەوەی هەمووان بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن”.
تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، لە ساڵی 1977 لە رواندز دامەزراوە، سەرەتا بەشێک بوو لە کۆمەڵەی ھونەر و وێژەی کوردی، کە ھەمان ساڵ لە رواندز دامەزرا، زرار محەمەد مستەفا، سەرۆکی کۆمەڵەکە و دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای پاشای گەورە بوو.
تیپی مۆسیقای پاشای گەورە تا ئێستا، 75 بەرھەمی تۆمار کردووە، وەک ئۆرکسترا لە چالاکی مۆسیقای جیهانی بەشدارییان کردووە، هەریەکە لە هونەرمەندان، بەھجەت یەحیا، عەدنان کەریم، ناسری رەزازی، نەجمەدین غوڵامی، هاوتا ئەسعەد و وەلی دۆسکی بەرھەمیان لەگەڵ تیپی مۆسیقای پاشای گەورە تۆمارکردووە.
پێداچوونەوەی: فەهمی نەبی