لەبەر خاتری مێسی یاریگەکانی ئەمریکا چیمەنەکانیان دەگۆڕن


ژووری هه‌واڵ

لیۆنێل مێسی بەرپرسانی یانەکەی ئاگادارکردووەتەوە ئامادە نییە لەو یاریگەیانە یاریی بکات کە چیمەنەکانیان دەستکردە، هەر لەبەر ئەوە شەش یانەی گەورە کەوتوونەتە خۆیان بە پەلە چیمەنەکانیان دەکەنە سروشتی و بەشێک لە یاریگەکانیان نۆژەندەکەنەوە.

میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن، مێسی هەر کە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەر مەیامی ئیمزا کردووە رێک خستوویەتیە دەستیانەوە و وتوویەتی هەر یاریگەیەک چیمەنەکەم بە دڵ نەبێت یاری تێدا ناکەم، یانەکانیش ئەمەیان بیستووە و شپرزە بوون، چونکە یارینەکردنی مێسی گورزی گەورەی ئابووریان لێدەدات و جەماوەرەکەشیان توڕە دەکات، بۆیە شەش یانە کە یاریگاکانیان لە چیمەنی دەستکرد پێکهاتووە، یەکسەر دەستیان کردووە بە گۆڕینی.

رێکخەری دەستەی خولی ئەمریکا بۆ تۆپی پێ ئەم زانیارییەی پشتراست کردووەتەوە و بە سایتی سپۆرت پیپڵی وتووە: هاتنی مێسی ناچارمان دەکات زۆر گۆڕانکاری لە یاریگەکاندا بکەین.

دەردی یاریگەکانی ئەمریکا چەند یاریزانێکی پیشەگەری پێشووی ناڕەحەت کردبوو، هەریەک لە دەیڤد بێکهام و ئیبراهیمۆڤیچ کە پێشتر لەو خولەدا یارییان کردبوو زۆر ناڕازی بوون لە چیمەنە دەستکردەکان، بێکهام وتبووی تا سێ رۆژ دوای یارییەکە ئازار لە جەستەتدا دەبێت، ئیبراهیمۆڤیچیش وتبووی ئەو چیمەنە زۆر تیژ و  زبرە و ئەگەری پێکان زیاد دەکات، بەڵام دیارە ئەو دوو یاریزانە بە حاڵەکە رازیبوون و بەڕێیانکردووە، بەڵام مێسی رۆژی خۆیەتی و قبوڵی ناکات.