"بۆیان چارەسەر دەکەین"

گوڵپ بێ ئاو و بێ قوتابخانە و بێ جادەیە

964+
كوردستان ئەحمەد

گوندی گوڵپ، قوتابخانە و نەخۆشخانە و تۆڕی ئاوی نییە، مزگەوتەكەشیان پێویستى به‌ نۆژه‌نكرده‌وه‌یه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ى داوادەكەن كێشەكانیان چارەسەر بكرێت.

تا ئێستا هیچ قوتابخانەیەك لەو گوندە نییە، له‌جێى نه‌بوونى تۆڕى ئاویش خۆیان بە بۆڕی لە كانیەكانی گوندەكەیان ئاویان راكێشاوە.

لەناو گوندی گوڵپ دوو كانی هەیە، كانی ژنان و كانی كۆن، بونەتە سەرچاوەی ئاو بۆ دانیشتوانەكەی، بە سۆندە لە كانیەكانەوە ئاویان بردووە بۆ ماڵەكان.

له‌ده‌روازه‌ى چوونه‌ ناو گوندەكەوە مزگەوتێك دەردەكەوێت، هەر لە منارەكەیەوە تا دەگاتە حەوشەی پشتەوەی سەر لەبەری شێواوە، دەرگاكانی شكاوە و ئاژەڵ دەچێتە ناوی.

گوندەكە لە 15 ماڵێك پێكدێت، بەشی سەرەوەی گوندەكە كە گوندە كۆنەكەیە، بەردێكی زۆری تێدایە بە ناوبانگە بە بەردی تەخت و پان و رێك.

حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە، بە964ـی وت، داواكاریەكانی گوندەكەیان بەرزكردوەتەوە و چاوەڕێی تەرخانكردنی پارە ده‌كه‌ن، وتیشی “كێشەكانیان چارەسه‌ر دەكەین، هەوڵمانداوە زۆرترین خزمەتگوزاری بگەیەنینە ئەو گوندە”.

گوندی گوڵپ، دەكەوێتە دامێنی شاخی شرام لە هەورامان، حەوت كیلۆمەتر لە ناحیەی خورماڵ و 15 كیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای هەڵەبجە و شەش كیلۆمەتر لە بیارەوە دوورە، دانیشتوانەكەی بە ئاژەڵداریەوە سەرقاڵن.