دوو بەڕێوەبەرایەتیی نوێ لە هەڵەبجە دەکرێنەوە


محەمەد عومەر – هەڵەبجە

بڕیاڕە سبەی پێنجشەممە، هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی کار و راهێنانی پیشەیی و بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەڵەبجە بکرێنەوە.

دانا حەمە شەریف، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بە 964ی وت، بە خۆشحاڵییەوە کردنەوەی ئەم دوو بەڕێوەبەرایەتییە دەبنە هۆی خزمەتکردن بە گەنجان و پیشەوەرانی پارێزگای هەڵەبجە، کە کارەکانیان بریتین لە رەخساندن و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.

بە وتەی ئەو بەڕێوەبەرە، بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەستەبەری سەرجەم ئەو کرێکار و پیشەوەرانە دەکات، کە لە سنوورەکەدا هەن، بۆ ئەوەی چاودێر بێت بەسەر خاوەن کارەکەیەوە، کە هیچ مافێکی ئەو کرێکارە نەخوات و سەرجەم ئەو دەرماڵانەی پەیوەندییان بە کرێکار و پیشەوەرەکە هەیە، لە کاتی خۆیدا مافی پێبدرێت.

هەرچی سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتیی کار و راهێنانی پیشەییە، مانگانە خول بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی سنوورەکە دەکاتەوە، وەک خولی دوورمان، سەرتاشین، فێربوونی چاککردنەوەی کەلوپەلی کارەبایی و سەرجەم پیشەکانی ناو بازاڕ، کە بە شێوەیەک بەشداربوو دوای تەواوبوونی خولەکە بتوانێت هەلی کاری دەستبکەوێت.

بڕیارە سبەی کوێستان محەمەد وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، بێتە هەڵەبجە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە بکاتەوە.

هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە، 50 کارمەندی بۆ دابینکراوە، وا بڕیارە 16 کارمەندیش بە شێوەی راگەیاندنی هەلی کار و هەڵبژاردنیان دابمەزرێن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی