بازیان نەخۆشخانەی گەورەی نییە و دوو ساڵە چاوەڕێن

دیلان محەمەد جەزا

تا ئێستا قەزای بازیان نەخۆشخانەی گەورەی نییە و ئەگەر حاڵەتێکی کتوپڕ بێتە پێشەوە، هیچ نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی خێرای تیدا نییە، تەنانەت بۆ منداڵبوونیش دەبێت بچنە سلێمانی.

لە ساڵی 2021ەوە بڕیاردراوە نەخۆشخانەیەکی گەورە لە بازیان دروست بکرێت، داوای هەشت دۆنم زەوی کرابوو، بەڵام ئێستا 12 دۆنم زەوی تەرخانکراوە.

بڕیاربوو شارەوانیی سلێمانی زەوییەک بفرۆشێت و بە پارەکەی نەخۆشخانەیەک بۆ قەزای بازیان دروست بکات، بەڵام تا ئێستا نەکراوە.

ئیسماعیل ئەحمەد، قائیمقامی قەزای بازیان بە 964 وت، لە قەزای بازیان پێنج مەڵبەندی تەندروستی هەیە، بە سەرجەم ناحیەکانیەوە دەگاتە 12 مەڵبەند، بەڵام ئەوە پێویستی ئەو ناوچەیە پڕناکاتەوە.

رووداو لەو ناوچەیەدا زۆرن و مەڵبەندێک تایبەت کراوە بۆ فریاگوزاری خێرا، بەڵام وەک قایمقام دەڵێت، بە پێی پێویست نییە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا