بەڵێنی تیپێکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتوو دەدات

سەرۆکی یانەی هەولێر چاوەڕێی ڤار دەکات

+964

هێژا خەسرەو – هەولێر

دوای بردنەوەی یانەی هەولێر لە یانەی نەجەف بە گۆڵێکی بێوەڵام، وەلید عارەب سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ964ـی وتی: ئەنجامەکانی یانەی هەولێرم بەدڵە و لە ئاست و ئەنجامی یانەکەم رازیم و ئێمە دووەمی قۆناخی دووەمی خولی نایابی عێراقین.

سەرۆکی یانەی هەولێر دەڵێت، لە قۆناخی یەکەمی خولی نایابی عێراقدا لە ئاست و ئەنجامیش هەڵبەز و دابەز هەبوو، ئاستی یانەکەمان لە هەموو رووێکەوە جێگیر نەبوو، بەڵام لە قۆناخی دووەمدا هەڵەکانمان چاککردەوە و باشترین ئاستمان پێشکەش کرد.

وەلید عارەب گلەیی لە ئاستی ناوبژیوانانیش هەیە و دەڵێت لەدەستدانی بەشێکی زۆری خاڵەکانی یانەکەمان لە یارییەکاندا بۆ هەڵەی ناوبژیوانان دەگەڕێتەوە، ئەگەر ئەم هەڵانە نەبووایە ئەنجامەکانمان باشتریش دەبوون.

سەرۆکە لاوەکەی یانەی هەولێر دەڵێت، ئەگەر لە وەرزی نوێدا ڤار هەبێت، بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکانیان جیاواز دەبێت و هەڵەکان کەمتر دەبن، ئەمەش بە وتەی خۆی، لە سوودی یانەکەیانە.

وەلید وتی: دڵنیاتان دەکەمەوە وەرزی داهاتوو باشتر و بەهێزتر دەگەڕێینەوە.

تەنیا گەڕێک لە یارییەکانی خولی ئەم وەرزەی نایابی عێراق ماوە و یانەی هەولێر لە خولەکەدا لە پلەی شەشەمە و 55 خاڵی هەیە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا