چوار ژووری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بازیان لە ترسی رووخان چۆڵکراون
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بازیان مەترسی رووخانی لەسەرە و درزی گەورە کەوتووەتە دیوارەکانی، لە ترسی رووخان سێ هۆبە و هۆڵی کۆبوونەوەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە چۆڵکراون.
زانیار تۆفیق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان بە 964+ی راگەیاند، بەهۆی رۆچوون و بومەلەرزە درزی گەورە کەوتووەتە دیوارەکانی باڵەخانەی بەڕیوەبەرایەتییەکە و لە هەندێک شوێن سەقف و دیوار لێکجیابوونەتەوە.
بە وتەی زانیار تۆفیق، بەهۆی مەترسی رووخان ماوەی ١١ مانگە سێ ژوور و هۆڵی کۆبوونەوەکانی کشتوکاڵی بازیان چۆڵکراون.
“ئەو ژوورانەی کە چۆڵکراون پێکهاتوون لە هۆبەی زەوی و زار، هۆبەی هونەری و رووپێوی، هۆبەی پاراستنی رووەک و هۆڵی کۆبوونەوەکان،” زانیار تۆفیق وای وت.
بەڕیوەبەری کشتوکاڵی بازیان بە 964+ی وت، دەبێت لایەک لە باڵەخانەکە بڕوخێندرێت و دووبارە دروستبکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٢٠ ملیۆن دینار دابینکرا، بەڵام نۆژەنکردنەوەکە ئەنجامنەدرا.
دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠ بە دەرخستەی ٧٤ ملیۆن دینار و ٩٠٠ هەزار دینار بڕیارێک بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە دەرچوو، بەڵام ئەو بڕە پارەیەش بۆ هیچ مەبەستێک خەرجنەکرا.