رێگاى هامڵتۆن له‌ بارهه‌ڵگره‌كان قه‌ده‌غه‌كرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بۆله‌مه‌ودوا هه‌موو رۆژانى هه‌ینیه‌ك هاتوچۆى بارهه‌ڵگره‌كان له‌ رێگاى هامڵتۆن قه‌ده‌غه‌كراون، ئه‌و سنووره‌ى كه‌ هاتوچۆ سۆرانیش بۆ ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه‌ى بۆ وه‌رزى گه‌شتیاری و دروست نه‌بوونى جه‌نجاڵى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سۆران، له‌ بڕیارێكدا ده‌ڵێت “به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە هەموو جۆرەکانییەوە هاتوچۆكردنیان قه‌ده‌غه‌یه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌وه‌، قه‌ده‌غه‌كردنى رێگاكه‌ له‌ سپلیكه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته‌ قه‌زاى چۆمان و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارەش، هاتوچۆى سۆران ده‌ڵێت “بەهۆکاری وەرزی گەشتیاری و دروستنەبوونی جەنجاڵی لە ناوچە گەشتیارییەکان بە تایبەتی رێگه‌ی گەلی عەلی بەگ و سپیلک کە لە رۆژانی هەینیدا جەنجاڵییەکی زۆری لەسەرە”.

بڕیارەکە هه‌موو رۆژانێكی هه‌ینى لە کاتژمێر چواری ئێوارە تا کاتژمێر 12ـی شەو جێبەجێ دەکرێت.

داواش لە شوفێرانی بارهەڵگر كراوه‌ پابەندی رێنمایەکان بن و هاوکار بن بۆ سەلامەتی هەموولایەک.