هەڵمەتەكە قەزاو ناحیەكانیش دەگرێتەوە
ئاسایشی هەولێر كەسێكی بە تۆمەتی تەقەكردنی هەڕەمەكی دەستگیركرد
964+
كوردستان ئەحمەد
ئاسایشی هەولێر هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانە دەستپێكرد كە بە هەڕەمەكی تەقە دەكەن و چەكی بێمۆڵەت هەڵدەگرن.
هەڵمەتەكە ئەمڕۆ شەممە 8.7.2023 دەستیپێكردووە، سەرەتا كەسێكیان لە ناو هەولێر دەستگیركرد كە بە هەڕەمەكی تەقەی كردووە و چەكەكەشی بێ مۆڵەتبووە.
مقەدەم ئەردەڵان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە 964ی راگەیاند، هەڵمەتەكە لە هەولێر بەردەوام دەبێت، فراوانتردەبێت و قەزاو ناحیەكانیش دەگرێتەوە، لە ماوەی داهاتوودا لە چەند ناوچەیەكی دیكە ئەم هەڵمەتە بەردەوامی هەیە.
وتیشی، هەر كەسێك بە هەڕەمەكی تەقە بكات دەستبەجێ دەستگیردەكرێت، چەكەكەشی دەستی بەسەردا دەگیرێت و رووبەڕووی دادگا دەكرێتەوە.
وادەی کۆتایی بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکانەی لای هاوڵاتییە تا 21.7.2023 دەبێت، لە دوای ئەو بەروارەوە سزاکان قورستر دەبن.