ورمێ لە دهۆک پێشانگا ده‌كاته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا پێشانگاى پیشه‌سازى و بازرگانى پارێزگاكانى ورمێی رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ پارێزگاى دهۆك بكرێته‌وه‌، ژوورى بازرگانی دهۆكیش ده‌ڵێت، ئێستا شاندێكی ورمێ له‌ شاره‌كه‌یانن.

ئه‌و شانده‌ى نوێنه‌رایه‌تیى پارێزگاى ورمێ ده‌كات بریتین له‌ سەرمایەدار و بازرگانان.

ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای دهۆک، بە 964ـى وت، شاندێکی کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی پارێزگای ورمێ هاتوونەتە پارێزگای دهۆک بۆ کردنەوەی پێشانگایه‌كیان له‌ شاره‌كه‌یاندا.

پێشتر چوار پێشانگای تایبه‌تیی پیشەسازی و بازرگانی کۆمپانیاکانى ورمێ لە دهۆک كراونه‌ته‌وه‌.

ئه‌یاد حه‌سه‌ن وتیشی، هه‌وڵده‌ده‌ن په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارێزگاى ورمێ باشتر بكه‌ن، له‌وه‌ى كه‌ ئێستا هه‌یه‌.

به‌ گشتى له‌ نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامیی ئێراندا پەیوەندی بازرگانی، پیشەسازی، ئابووری و کولتووریی به‌هێز هه‌یه‌، به‌رده‌وام ساڵانه‌ پێشانگاى بازرگانى و پیشه‌سارى یان كولتوورى ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌.