کارمەندێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەکاتی راییکردنی کارەکەی.
تۆمارکردنی ناوی ھاوپەیمانیەتییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاکان دەستیپێکرد
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی ھاوپەیمانیەتییەکانی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستپێکرد.
عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن بە میدیای فەرمی حکومەتی عێراقی راگەیاند، کۆمسیۆن دەستیکردووە بە وەرگرتنی داواکاریی تۆمارکردنی ھاوپەیمانیەتییەکان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
بە پێی رێوشوێنەکانی کۆمسیۆن، تۆمارکردنی ھاوپەیمانیەتی و کاندیدەکان بە دوو قۆناغ دەبێت، ھاوپەیمانیەتییەکان لە 1.7.2023 دەستپێدەکات و لە 30ـی ھەمان مانگ کۆتایی دێت، قۆناغی دووەمیش بۆ تۆمارکردنی لیست و کاندیدەکانە و لە 15.7.2023 دەستپێدەکات و لە 18.8.2023 کۆتایی دێت.
بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 18.12.2023 دەرگای بنکەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێنەوە و لە رێکەوتی 16.12.202 دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق 15 پارێزگا دەگرێتەوە، جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ رۆژی دەنگدانیش 7008 ناوەندی دەنگدان و 47 ھەزار و 655 وێستگەی دەنگدان دەکرێنەوە.