کەرکوک.. ناوەندێکى شیاندنەوەى بۆ ئاڵوودەبووانى مادەى هۆشبەر کرایەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەڕێوەبەرایەتی کاروبارى مادە هۆشبەرەکانى عێراق، سێ ناوەندى شیاندنەوەى ئاڵوودەبووانى مادەى هۆشبەرى کردەوە کە یەکێکیان لە پارێزگاى کەرکوکە.

حکومەتی عێراق دەیەوێت بەم ناوەندانە بەشێک لە بازرگانانی مادەى هۆشبەر و ئاڵودەبووان لێک جیابکاتەوە.

کردنەوەی ئەو سێ ناوەندە هاوکات بوو لەگەڵ یادى رۆژى جیهانى بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر.

وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، ناوەندەکان لە پارێزگاکانى کەرکوک، ئەنبار و نەجەفن.

“ئامانج لە کردنەوەى ئەو ناوەندانە، جیاکردنەوەى بەکارهێنەران و ئاڵوودەبووانى مادەى هۆشبەرە لە بازرگانان و قاچاخچییەکانی ئەو جۆرە مادەیە و بەمەبەستى شیاندنەوەیان”. وەزارەتى ناوخۆى عێراق وا دەڵێت.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2022ـدا لە هەرێمی کوردستان، 481 بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر 381 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە.