حکومەتی عێراق خۆی گەیاندە ئیلۆن مەسک

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورە سەرمایەداری ئەمریکی، ئیلۆن مەسک کۆبووەوە و دەیەوێت خزمەتگوزاری هێڵی ئینتەرنێتی بۆشایی ئاسمان بگەیەنێتە عێراق.

ئەو وەزارەتە لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس گفتگۆی لە بارەی دۆسیە جیاوازەکانی پەیوەست بە هێڵی ئینتەرنێتی بۆشایی ئاسمان کردووە و دەڵێت ماوەیەکی دیکە بە رووبەڕووش لەگەڵیان کۆدەبنەوە.

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق دەشڵێت، لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس، کە ئیلۆن مەسک خاوەنداری دەکات، گەیشتوون بەوەی ئەگەرهاتوو ئەو جۆرە هێڵی ئینتەرنێتە لە عێراق دابینکرا، ئەوا نرخی بەشداریکردن کەمتر بێت بەراورد بە وڵاتانی دیکە.

“لە کۆبوونەوەکەدا، هەیام یاسری وەزیری پەیوەندییەکان لەبارەی چەند دۆسیەیەکی گرنگەوە، بە تایبەتی دۆسیەی ئەمنی، باسی لە پڕۆژەی هێڵی ئینتەرنێتی ئاسمانی کردووە لەگەڵ کۆمپانیاکە”، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەکە.