گوندی بلاڤە زیاتر لە 30 ساڵە کارەبای مۆلیدەیان نییە

964+

هەژین فەتاح – دهۆک

زیاتر لە 30 ساڵە گوندی بلاڤە لە ناحیەی دێرەلوک کارەبای مۆلیدەیان نییە، خەڵکی ئەو گوندە دەڵێن “لە شەو و رۆژێکدا هەشت سەعات کارەبامان نییە”.

کۆڤان بلاڤەیی بۆ 964 قسەی کرد دەڵێت، “لەو کاتەی لە ئێران گەڕاینەوە بۆ کوردستان لە ساڵی 1991، تا ئێستا مۆلیدەمان بۆ دابین نەکراوە، داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکەن”.

رێبەر سادق گیزی، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلوک بۆ 964 دەڵێت، “ئەگەر ئەنجومەنی گوند داواکاری هەبێت، ئێمە لاریمان نییە بۆیان دابین بکرێت”.

بە وتەی خەڵکی گوندی بلاڤە، بەیانیان لە کاتژمێر 7:00 بۆ 12:00ی نیوەڕۆ کارەبا دەبڕێت، ئێواران لە کاتژمێر 3:00 تا 6:00 کارەبای نیشتیمانی نایەتەوە.

خەڵکی گوندی دێرەلوک دەڵێن، لە رابردوودا بۆ ماوەی دوو ساڵ رێکخراوی هابیتات بە شیوەی کاتی مۆلیدەیەکیان بۆ داناین، بەڵام بەردەوام نەبوو.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی