جوتیارانی راپەڕین پشت لە هەنار دەکەن و روویان کردۆتە چاندنی زەیتون

964+

مەجید بیتوێنی – رانیە

لەم ساڵانەی دوایدا جوتیاران زیاتر ئاشنا بوون بە چاندنی زەیتون و تادێت باخەکانی زەیتون زیاد دەبن، هەر ئەمەش وایکردوە دووەم گەورەترین کارگەی زەیتون لەسەر ئاستی پاریزگای سلێمانی لەچوارقوڕنە دابمەزرێت و رۆنی زەیتی زەیتونی سروشی بەرهەمی باخەکانی جوتیارانی ناوچەکە دەخاتە بازاڕەوە.

لە یەکێک لە باخە گەورەکانی زەیتونین لە دەشتی بیتوێن، کە عەبدولستار عەبدوڵلا لەگەڵ ژمارەیەک کرێکار سەرقاڵی رنینی بەرهەمی زەیتونەکانیەتی.

عەبدولستار عەبدوڵا، ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ چەند کەسێکی تر سێ هەزار نەمامی زەیتونیان لە دەرەوە هاوردە کرد، لە باخەکەیدا ٤٦٠ داری زەیتون دەڕوێنێت، ١٠ ساڵ بەسەر چاندنی دار زەیتونەکان تێدەپەڕێت، ئەوەی دەیبینن یەکەم بەرهەمی دار زەیتونەکانیەتی و دەڵێ؛ هەر دارێک چل کیلۆ زەیتونی گرتووە.

لە باخەکەی عەبدولستار عەبدوڵا، سێ جۆر زەیتون هەیە، زەیتونی دەنک گەورەی رەشی خەستاوی کە بەکاردێت بۆ خۆشکردنی ناو ترشیات و خواردن، زەیتونی رەنگ سەوز کە تایبەتە بە رۆنی زەیتون، هەروەها دار زەیتونی زینە بۆ جوانکاری باخ و شوێنە گشتییەکان.

هەردین حەمید، یەکێک لەو کرێکارانەی بەشارەزاییەوە زەیتونەکانی لێ دەکردەوە بە 964+ـی وت؛ زۆربوونی باخەکانی زەیتون دەرفەتی کاری بۆ کۆمەڵێک گەنج رەخساندووە کە رۆژانە دێن بۆ رنینی زەیتونەکان و پاشان بارکردنیان بۆ کارگەی زەیتون.

چووین بۆ کارگەی زەیتونی ڕانیە تا بزانین ئەو بەرهەمە ناوخۆیە چۆن دروست دەکرێت، سابیر حاجی رەسوڵ، خاوەنی کارگەکە پێشوازی لێکردین، سێ ساڵە بەشێوازێکی ستانداردی جیهانی کارگەیەکی رۆنی تایبەت بە زەیتونی دامەزراندوە کە لە بیست و چوار کاتژمێردا توانای بەرهەم هێنانی بیست و پێنج هەزار کیلۆ رۆنی هەیە، ئەو 964+ی ووت؛   جاران ئەو جوتیارانەی باخی زەیتونی گەورەیان هەبوو نەیان دەزانی زەیتونەکە چی لێ بکەن، دەبوایە رێگایەکی دوور ببڕن بۆ کارگەکانی هەولێر بەڵام ئێستا نزیک لەکێڵگەکانیان هەمان کارگە هەیە، بۆیە گرنگی زیاتر بە باخەکانیان دەدەن تا بەرهەمیان زیاد بکات.

 رەفعەت محمد، هاوڵاتیەکی کوردی رۆژئاوایە دانیشتوی عەفرینە شارەزای باشی هەیە لە زەیتون بە 964+ـی وت؛ کارکردن لەم کارگەیەدا پێویستی بەئەزموون و شارەزایەکی زۆر هەیە تا ڕۆنێکی باش بەرهەم بێت، بۆیە ئەو ئەزموونی کاری لەسەر زەیتونی عەفرین هێناوەتە ئێرە و سوودی لێ وەردەگرێت.

لە دەشتی بیتوێن و ڕانیە کەش وهەوای گونجاو، خاکی بەپیت، دەستی کار، جوتیار و کارگە بوونی هەیە ، کۆبوونەوەی هەموو ڕەگەزە گونجاوەکان بۆ ڕواندنی زەیتون وایکردوە دەیان دۆنم زەوی تر بە باخی زەیتون دابچێندرێت کە هێشتا گەورە نەبونە بۆیە واچاوەڕوان دەکرێت لەساڵانی داهاتوودا جووتیاران زیاتر ڕوو لە چاندنی دارزەیتون بکەن و بەرهەم  زیاتر بکات.

خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی راپەڕین بە 964+ راگەیاند ” پێشتر باخی زەیتون لەدەڤەرەکە نەبوو لەم چەند ساڵانەی دوایدا بەشێوەی خێرا باخەکانی زەیتون زیادی کرد بەشێوەیەک ئێستا لەسنوری بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا لەئێستادا ١٥٠ دۆنم زەوی تۆمارکراوە کە بەزەیتون داچێندراوە و ساڵانە لەوەرزی پێگەشتنی زەیتون زیاتر لە ١٠٠ تەن زەیتون بەرهەم دەهێنن .