دار بەڕووی قەوقازی لە چیای حەسەن بەگ، لەلایەن تیمێکەوە پارێزگاری لە مانەوەی دەکرێت
جۆرێکی دار بەڕوو لە کوردستان مەترسی نەمانی لەسەرە
964+
فەهمی نەبی
فەرمانگەی ژینگەی سۆران لە چیای حەسەن بەگ، هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ بوژاندنەوەی جۆرێکی دار بەڕوو کە خۆیان دەڵێن دەگمەنە.
ماوەی چەند رۆژێکە فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دامەزراوەی فاوەندەیشنی رووەکی کوردستان، هەڵمەتێکیان لە چیای حەسەن بەگ لە دەڤەری برادۆست دەستپێکردووە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵە بێت، کە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، ئەو دار بەڕووە لە جۆری قەوقازیە، یەکێکە لەو چوار جۆرەی بەڕوو کە مەترسی نەمانی لەسەرە، کە تەنیا لە چیای حەسەن بەگ چەند دانەیەکی ماوە.
بڕیاردراوە پەرژین بۆ دارەکان دروستبکرێت و تابلۆی هۆشداری هەڵبواسرێت کە هیچ کەس ئەو دارانە نەبڕێت چونکە دەگمەنن و مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، ئەمەش بەپێی هەواڵەکەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم.
ئەو تیمەی سەرپەرشتی هەڵمەتەکە دەکات، هۆشداریان بە خەڵک داوە هەڵپاچین بۆ دارەکان نەکەن، چونکە چاوەڕوانن بەری هەبێت و لە پایزدا بەرهەمەکەی ژێر خۆڵ بنرێت تا رووەکی تازەی لێ شین ببێت.