رنینەوەی نۆك لە دەشتی شارەزور، ئەم وێنانە جەمال سەرگەتی رۆژنامەنوس گرتویەتی.
نۆكەكە ورد و زەردە
نۆبەرەی نۆك لە شارەزوور رنرایەوە
كوردستان ئەحمەد
نۆبەرەی نۆك لە شارەزوور لە لایەن جوتیارانەوە بە هەرەوەزی رنرایەوە.
لە زەوییەكانی شارەزوور دوو جۆر نۆك بەرهەمی باشی هەیە، نۆكی وردی رەنگ زەرد و نۆكی گەورەی سپی، كە بەشێوەی دێمەکاری بەرهەم دێت و تەنیا پێویستی بە چاندن و رنینەوە هەیە.
لە ناوەڕاستی مانگی چواردا دەچێنرێت و لە كۆتایی مانگی شەش دەڕندرێتەوە، دەبێت لە سەرەتاكانی مانگی پێنجدا بژار یان دەرمانی سەوزی بڕ بكرێت.
بژاركردن واتە دەرهێنان و لەناوبردنی ئەو گژوگیایەی كە لەنێوان نۆكەكاندا سەوز بوون و زیان بە گەشە و بەهەرمی نۆكەكە دەگەیەنن.
ئەمساڵ لە شارەزوور زیاتر لە 30 هەزار دۆنم زەوی بە نۆكی ورد و گەورە داچێندراوە.
لە هەندێك شوێن كە نۆكەكە باڵای بەرزترە، بە دەڕاسە كۆ دەكرێتەوە، بەڵام لە زۆربەی زەوییەكانی شارەزوور نۆك بە دەست و لە رێگەی تیمێكی هەرەوەزییەوە دەڕنرێتەوە.
نۆك یەكجار بەرهەمدەدات، كرێكارەكان لە بنەوە دەریدەهێنن و كۆیدەكەنەوە و دەیكەن بە مەڵۆ، پاش وشکكردنەوە و لەبەر خۆر داخستنی، دەخرێتە بەر هەباشە و پاكدەكرێتەوە لە پووشوپەڵاشەكەی.
نۆك بە یەكێك لە خۆراكە سەرەكیكەكانی مرۆڤ دادەنرێت و لەگەڵ چەند بەرهەمێكی دیكەدا ئاسایشی خۆراك پێكدەهێنن.
رنینەوەی نۆك لە دەشتی شارەزور، ئەم وێنانە جەمال سەرگەتی رۆژنامەنوس گرتویەتی.