له‌ هه‌ریر كاره‌با نایاساییه‌كان ده‌بڕدرێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ ناحیه‌ى هه‌ریری سه‌ر به‌ شه‌قڵاوه‌، ده‌ست به‌ هه‌ڵمه‌تى بڕینى كاره‌باى نایاسایی كراوه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش ده‌ڵێت، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان درێژه‌ى ده‌بێت.

له‌یه‌كه‌م رۆژى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یاندا چه‌ندین سه‌رپێچیان له‌لایه‌ن هاوڵاتیان تۆماركردووه‌، كه‌ به‌ شێوه‌ى نایاسایی كاره‌بایان بۆ ماڵ و شوێنه‌كانى تر راكێشاوه‌.

زۆربه‌ى سه‌رپێچییه‌كان له‌و ناحیه‌یه‌ له‌سه‌ر هێڵى كاره‌باى بیره‌ ئاوه‌كان ئه‌نجامدراون، به‌پێیه‌ى كاره‌باى ئه‌و بیرانه،‌ به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام و له‌سه‌ر هێڵى  كاره‌باى نیشتمانین.

شێروان جه‌لال به‌گ، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى هه‌ریر، به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ فەرمانگەی کارەبای هەریر ده‌ستیان به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ كردووه‌ و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌شیان به‌رده‌وام ده‌بێت.

وتیشى “هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچیكردنى بۆ سه‌ر كاره‌با دووباره‌بكاته‌وه‌ ده‌یانده‌ینه‌ دادگا”.