دوای چوار رۆژی دیکە

وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

964+

فەهمی نەبی

بە پێی ئەو وادەیەی بۆ کۆمپانیای دانەغاز دانراوە، بڕیارە دوای چوار رۆژی دیکە کۆتایی بە نۆژەنکردنەوەی وێستگەی بەرهەمهێنانی غازی کۆمپانیاکە بێت و دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.

لە 22ی مانگی ئایارەوە کۆمپانیای دانەغاز خەریکی نۆژەنکردنەوەی یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبایە، بڕیاربوو نۆژەنکردنەوەکە تا 3.6.2023 بەردەوام دەبێت، بەڵام رۆژێک بەر لەو وادەیە کۆمپانیاکە بە وەزارەتی کارەبایان راگەیاندووە پێویستیان بە کاتی زیاترە، دوو هەفتەی دیکە لەو وادەیەی دیاریکرابوو زیاد کرا، ئەمانە بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی کارەبا.

ئومێد سەعید، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، کۆمپانیای دانەغاز لە ساڵی 2009 -ەوە هیچ نۆژەنکردنەوەیەکی یەکەکەکانی نەکردووە، ئەمەش هۆکاری درێژکردنەوەی ماوەی نۆژەنکردنەوەکە بوو.

وێستگەی بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر، کە لەلایەن کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی دەکرێت، رۆژانە لە رێگەی بۆڕی 16 ئینجی غاز بۆ هەریەکە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەولێر و سلێمانی دەنێرێت، کە ئەو دوو وێستگەیە پێیان دەوترێت (کۆمبایند سایکل)، هاوکات غاز بۆ هەریەکە لە وێستگەی غازی خورمەڵە و وێستگەی غازی قەیوانیش دەنێرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبا، لە کاتی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی غاز لە 500 ملیۆن پێ سێجا هاتەسەر 380 ملیۆن پێ سێجا، دواتر دابەزی بۆ 250 ملیۆن پێ سێجا، بڕیارە دوای چوار رۆژی دیکە بەرهەمهێنانی غاز بگەڕێتەوە 500 ملیۆن پێ سێجا.

ئومێد سەعید وتی، “ئێستا %30ی غازەکەمان لەدەستداوە، لە شەو و رۆژێکدا لە نێوان 12 بۆ 13 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت”.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئەوەش دەڵێت، “ئێستا 3200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوەکەی دانەغاز، 600 مێگاوات کارەبا زیاد دەکات، بە دڵنیایی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و پێدانی کارەبا زیاد دەکات لەو رێژەیەی ئێستا هەیە، بەڵام خواستی بەکارهێنانیش زیاد دەبێت”.