بوو بە 5 فەرمانگەی دادنووسی

دوو دادنووسی تر لە هەولێر دەکرێتەوە

964+

فەرمان سادق

بۆ رایی کردنی کاری کرێکارانی بیانی دوو فەرمانگەی دیکەی دادنووسی لە هەولێر دەکرێنەوە.

هەردوو فەرمانگەکە دەکەونە گەڕەکی 32ـی پارک لەنێوان هەردوو شەقامی بازنەیی 100 مەتری و 120 مەتری، لە یەک باڵەخانەشدا دەبن کە بەیانیان و ئێواران دەوامی تێدا دەکرێت و نزیک لە بەڕێوەبەرایەتی نیشنگەی هەولێر دەبێت.

کردنەوەی ئەو دوو فەرمانگەی دادنووسییە زیاتر پەیوەندارە بە پێدانی پشتگیری کار بۆ کرێکارانی بیانی کە ئەو پشتگیرییە بووە بە یەکێک لە مەرجەکانی مامەڵەی نوێکردنەوەی ساڵانەی نیشنگە بۆ کرێکارانی بیانی.

لە سەنتەری شاری هەولێر سێ دادنووس هەبوو، ئەوانیش دادنووسی بەیانیانی گەڕەکی برایەتی و گەڕەکی نەورۆز، لەگەڵ دادنووسی ئێوارانی مەنتکاوە لەسەر رێگای هەولیر کەرکوک.

بە کردنەوەی ئەو دادنووسەی گەڕەکی 32ـی پارک، تەنیا لە سەنتەری شار ژمارەی دادنووسەکان دەبن بە پێنج فەرمانگەی دادنووسی، ئەمە جگە لە بوونی چوار فەرمانگەی دادنووسی تر لە دەوروبەری هەولێر، ئەوانیش فەرمانگەی دادنووسی قەزای عەنکاوە، فەرمانگەی دادنووسی ناحیەی بەحرکە، فەرمانگەی دادنووسی دەشتی هەولێر لە ناحیەی کەسنەزان و فەرمانگەی دادنووسی دارەتوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێک لە فەرمانگەی دادنووسی بە 964ـی وت، هۆکار لە کردنەوەی ئەو دوو فەرمانگەیە بۆ بوونی قەرەباڵغی و گوشارێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ سەر فەرمانگەکانی ناو شار بەهۆی ئەو مەرجەی لە بەڕێوەبەرایەتی نیشینگە لەسەر کرێکارانی بیانی دانراوە کە دەبێت پشتگیری شوێنی کاری لەلایەن فەرمانگەی دادنووسییەوە پشتڕاست بکرێتەوە.