چه‌ندان مه‌رجیان بۆ داناون ‌

تا ئێستا 80 مه‌ڕدار چوونه‌ته‌ كوێستانه‌كانى قه‌ندیل

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شاره‌وانیى بنارى قه‌ندیل ده‌ڵێت، تا ئێستا 80 مه‌ڕدار گه‌یشتوونه‌ته‌ ناوچه‌ كوێستانه‌كانى بنارى قه‌ندیل، کە چه‌ندان مه‌رجیشیان بۆ پاراستنى ژینگه‌ له‌سه‌ر داناون.

دڵشێر ئیبراهیم هاوسه‌رۆكى شاره‌وانیی بنارى قه‌ندیل، به‌ 964ـى وت، له‌ 1.6.2023 مه‌ڕداره‌كانى پشده‌ر و مه‌نگوڕایه‌تى چوونه‌ته‌ كوێستانه‌كانى بنارى قه‌ندیل و 15.6.2023 ش دانراوه‌ كه‌ مه‌ڕداره‌كانى ئاكۆیان بچنه‌ ئه‌و شوێنه‌.

وتیشى “تا ئێستا 25 مه‌ڕدار گه‌یشتوونه‌ته‌ گوندى مه‌مكان و 40 مه‌ڕدار گه‌یشتوونه‌ته‌  گوندى دووگۆمان و 15 مه‌ڕداریش گه‌یشتوونه‌ته‌ گوندى زه‌نگاڵان”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌وان وه‌ك شاره‌وانیى رێنمایی و مه‌رجی جیاوازیان به‌و ره‌وه‌ندانه‌ داوه،‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ كاتى مانه‌وه‌یان له‌و كوێستانانه‌دا جێبه‌جێی بكه‌ن.

له‌و مه‌رجانه‌ى هاوسه‌رۆكى بنارى قه‌ندیل باسی ده‌كات، بریتین له‌ پاراستنى ژینگه‌ و نه‌بڕینه‌وه‌ى دار و راوكردن و ده‌ستكارینه‌كردنى هێلانه‌ى باڵنده‌كان و سنوورنه‌به‌زاند بۆ ناو و كشتوكاڵى خه‌ڵك.

وتیشی “ئاگاداریش كراونه‌ته‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خانوو و سیاج له‌و شوێنانه‌دا دروست نه‌كه‌ن”.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ ئه‌وان له‌ رێگه‌ى تیمه‌كانیانه‌وه‌ به‌رده‌وام چاودێرییان ده‌كه‌ن .

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964، زۆربه‌ى ئه‌و مه‌ڕدارانه‌ى چوونه‌ته‌ كوێستانه‌كانى بنارى قه‌ندیل، له‌ دواى مانگى ئابه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان، به‌ڵام به‌شێكی كه‌مى ئه‌و مه‌ڕدارانه‌، كه‌ خه‌ڵكى گونده‌كانن، به‌ هاوین و زستانیش له‌و ناوچانه‌دا ده‌مێننه‌وه‌.

شارەوانیی بناری قەندیل لە پارتی کرێکارانەوە نزیکە و سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە.

پێشتر، ئارام محه‌مه‌د، سه‌رۆكى شاره‌وانیى قه‌ڵادزێ بە 964ی وتبوو ”شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى له ‌رووى ئیدارى و كارگێڕییه‌وه ‌به ‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى شاره‌وانییه‌كانى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕینه‌وه‌ نییه ‌و شاره‌وانییه‌كه ‌سه‌ربه‌خۆ دامه‌زراوه‌ و ته‌نانه‌ت ئامێر و پێداویستییه‌كانى ئه‌و شاره‌وانیه‌ش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ دابین دەکرێت”.