سبه‌ی یه‌كه‌م كاروانی حاجیانی كوردستان به‌ره‌و سعودیه‌ به‌رێ ده‌كه‌وێت

964+

فەرمان سادق

سبەی یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بە رێگای وشکانی بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێدەکەون.

بڕیارە کاتژمێر 6:30ـی سبەی هەینی، 690 حاجی کوردستان لە رێگای وشکانی لە ده‌روازه‌ی قەزای پردێ بچنه‌ ناو كه‌ركوك.

ئەو حاجیانەی وەک یەکەم کاروان لە رێگەی پاسەوە گەشتی حەج دەکەن، حاجیانی هه‌ولێر و دهۆك، بەدوی ئەوانیش حاجیانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیانیش له‌ هه‌مان كاتدا له‌ رێگای دەروازەی چیمه‌نه‌وه‌ بگه‌نه‌ كه‌ركوك.

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئاگاداری سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ رێگه‌ی وشكانییه‌وه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندی به‌ خاوه‌ن كۆمپانیاكانی حه‌ج و عومڕه‌ بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی و دانه‌بڕان له‌ كاروانه‌كانیان له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیاندا، چونكه‌ وا بڕیاره‌  به‌ر له‌ كاتژمێر 6:30 ی به‌یانی له‌  پردێیه‌وه‌ حاجیانی هه‌ولێر و دهۆك و لە دەروازەی چیمەنیش حاجیانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە بگەنە کەرکوک.

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومڕه‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی،‌ ئاگاداری كه‌سوكاری حاجیان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ شوێنه‌كانی خۆیان ماڵئاوایی له‌ حاجیه‌كانی خۆیان بكه‌ن، چونكه‌ “به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌یان پێنادرێت به‌ ئۆتۆمبێلی خۆیان یاوه‌ری كاروانی حاجیان ببن”.

سه‌باره‌ت به‌ گه‌شتی ئاسمانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج وعومڕه‌ ئه‌وه روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ رۆژی 12/6/2023 یه‌كه‌م كاروانی حاجیان به‌ رێگه‌ی ئاسمانی له‌ رێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانیه‌وه‌ به‌ره‌و سعودیه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن.

ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان، چوار ھەزار و 685 کەس فەریزەی حەج بەجێدەگەیەنن کە 690ـیان بە رێگای وشکانی گەشتەکە دەکەن.