لە سنوری شاریا هەزاران دار بڕدراون

964+

هێڤی دێوالی – دهۆک

لە سنووری  دەڤەری شاریا هەزاران دار دەبڕدرێن و پێشمەرگەی ژینگەش لە لێکۆڵینەوە دایە لە رووداوەکە بۆ دەستگیرکردنی بکەرانی.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست 964 کەوتووە، هەر پێنج مەترێک دارێک بڕاوە، ئەو ناوچەیەشی دارەکانی تێدا بڕاوە سنووری گوندەکانی  سیتكێ، تلخش، كانی گوڵانی، ساڵخیێ، دەكەونە بناری شاخەكانی دەڤەری بادینان، ناوچەیەكی شاخاوین و پڕن لە داری جیاواز و بەرز و گەورە.

رووداوەکە دیار نییە کەی روویداوە بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە 4.6.2023 هێزی پێشمەرگەی ژینگەی دهۆك پێی زانیوە و پشتڕاستی ئەوەش دەکەنەوە کە لەنێوان هەر پێنج مەترێكدا دارێك بڕدراوە، مەزەندە دەكرێت هەزاران دار بڕدرابن.

رەمەزان سیاری، لە هێزی پێشمەرگەی ژینگەی دهۆك بە 964ـی وت، بەدوای بكەرەكاندا دەگەڕێین و لێكۆڵینەوەش لە دۆسیەكە بەردەوامە بە هاوكاری ئەنجومەنی گوندەكان.

دوێنێ شەممە 3.6.2023، مەفرەزەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگەی ژینگەی دهۆك دەرچونیان لە دارستان و پاوانەكانی ئەو دەڤەرە هەبووە و بینیویانە كە دارەكان دەبڕدرێت.

گوندەكانی دەكەونە نزیك كۆمەڵگەی شاریا لە ناحیەی فەیدیێ سەر بە قەزای سێمێل و نزیكەی 20 كیلۆمەتر لە پارێزگای دهۆكەوە دورە، تەنیا 10 كیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد