له‌ سلێمانى داوا ده‌كرێت تانكى ماڵه‌كان خاوێن بكرێته‌وه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

نوێنه‌رى ته‌ندروستیى لیژنه‌كانى قایمقامیه‌ت له‌ سلێمانى داوا له‌ هاولاتیان ده‌كات تانكى ماڵه‌كانیان خاوێن بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت ژه‌نگهه‌ڵهێنانى تانكییه‌كانیان مه‌ترسی ژه‌هراویبوونى لێده‌كرێت.

د.ئیدریس ئەحمەد، پزیشک و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات لەگەڵ ئەوەی ژەنگ مەترسی ژەهراویبوون بە مادەی ئاسن و بڕین و زیانگەیاندنی بۆ ئەندامەکانی ناوەوەی لەش بە تایبەتی کۆئەندامی هەرس هەیە، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبون بە نەخۆشییەکانی جگەر.

ده‌شڵێت، لەسەر ئەو بنەمایە و بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتیی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، بڕیاریداوە ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە بەرهەم دەهێنن، تانکی سەربانەکانیان بشۆرن و ئەو تانکییانەشی ژەنگیان کردووە بیگۆڕن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ویستی لیژنە هاوبەشەکان زیان گەیاندن نیە بەشوێنەکان، بەڵام بۆ پابەندکردنیان بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن بەگشتی و تەندروستی بەتایبەتی خاوەن شوێنەکان روبەڕووی رێکارە یاساییەکان دەکەنەوە.

د.ئیدریس ئەحمەد، داواش لە هاوڵاتیان دەکات، لەپێناو تەندروستی خۆیان و منداڵەکانیان و خۆپاراستن لە مەترسییەکانی پیسبونی ئاوی تانکی سەربان و خاوێنکردنەوەی لەژەنگ، واباشترە شەش مانگ جارێک تانکییەکانتان بشۆن.