تەندروستی سلێمانی: نزیکەی 30 خوێندکاری پەیمانگا بەهۆی خواردنەوە ژەهراوی بوون

964+
رێژوان مامەقادر

نزیکەی 30 خوێندکاری پەیمانگایەکی ئەهلی سلێمانی “بەهۆی خواردنی خراپەوە” لە سەیرانگای دوکان ژەهراوی بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، بە قسەی بەرپرسانی تەندروستی.

هێشتا ژمارەی تەواوی خوێندکارەکان نازانرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، بۆ گەشت و سەیران چوونەتە سنوری قەزای دوکان.

لەوبارەیەوە، سامان نادر بەرپرسی تیمی فریاگوزاری 122 لە سلێمانی بە 964ی وت، خوێندکارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی دوکان، بەڵام ئەوانەی کە دۆخیان خراپ بێت دەگەیەننە نەخۆشخانەکانی سلێمانی.

وتیشی، “ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن بەهۆی خواردنی خراپەوە ژەهراوی بووبێتن کە زۆر لەبەر تینی خۆردا مابێتەوە”.

زانیاری هات

سامان نادر لە لێدوانی دووەمدا بە 964ی وت، ئێستا تیمەکانیان لە رێگان و شەش خوێندکاریان لەگەڵدایە کە پێویستیان بە چاودێرییە، بەڵام دۆخی تەندروستی 24 خوێندکارەکەی دیکە “باشە” و خۆیان دەگەڕێنەوە بەرەو سلێمانی.

964 لە کۆکردنەوەی زانیاری بەردەوامە.