کرێی وانەبێژانی زانکۆی دهۆک چارەسەرکرا

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

کرێی سێ مانگی مامۆستایانی وانەبێژانی زانکۆی دهۆک دابەش دەکرێت، بەرپرسی دارایی زانکۆکەش دەڵێت، کۆی پارەکە 520 ملیۆن دینارە.

لە 19 کۆلیژی سەر بە زانکۆی دهۆک نزیکەی هەزار و 900 مامۆستا بوونیان هەیە، لەم ژمارەیە ژمارەی ئەو مامۆستایانەی کە کرێی وانەبێژی دەیانگرێتەوە نزیکەی 800 مامۆستا دەبن.

ئەو مامۆستایانە کرێی وانەبێژانی مانگەکانی کانونی یەکەم، شوبات و ئاداری ئەمساڵیان وەرنەگرتبوو.

مەروان فندی، بەرپرسی دارایی  زانکۆی دهۆک بە 964ی وت”پێنجشەممەی رابردوو دەستکراوە بە دابەشکردنی کریێ وانەبێژانی مامۆستایانی زانکۆی دهۆک، تا کۆتایی ئەم مانگە هەموو وانەبێژان کرێی وانەبێژی هەر سێ مانگەکە وەردەگرن”.

دەشڵێت: 520 ملیۆن دینار دابینکراوە بۆ نزیکەی 800 مامۆستای وانەبێژ کە کرێی وانەبێژی و چاودێری ئەزموونەکان و هاتوچۆیە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق