لە دهۆک.. گەنجێک لەکاتی مەلەکردن خنکا
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی لەگەڵ هاوڕێکانی دەچێت بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە یەکێک لە مەزرەعەکانی دەوروبەری دهۆک، بەڵام لە مەلەوانگەی ناو مەزرەعەکە دەخنكێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ 21.5.2023، تەرمی گەنجێکی 18 ساڵان کە ناوەکەی لەلای 964 زانراوە، لەناو مەلەوانگەی مەزرەعەیەک لە ناوچەی گەشتیاری بێتاسی گەلی کورتکێ لە دهۆک دۆزرایەوە.
پۆلیسی دهۆک لەسەر رووداوەکە دەڵێت، پەڕوای لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە کراوەتەوە.
پۆلیسی دهۆک ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە گەنجەکە ناوی (ع. م. ئـ.) و تەمەنی 18 ساڵە و لە گوندی بێتاسی لەکاتی مەلەوانیکردن خنکاوە و بنکەی پۆلیسی نزارکێ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لەو گەنجەی خنکاوە بە 964ـی وت، ئەو گەنجە لەگەڵ هاوڕێکانی مەزرەعەکەیان بە کرێ گرتبوو، لە مەلەوانگەکە مەلەی کردووە و خنکاوە و هاوڕێکانی بە فریای نەکەوتوون.
هێشتا ئەوە روون نەبووەتەوە رووداوەکە چۆن روویداوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تەرمی ئەو گەنجە گەیەندراوەتە پزیشکی دادی و کەمێک پێش ئێستا لە پزیشکی دادی تەرمەکە بە کەسوکاری رادەست کراوەتەوە.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک بە 964ـی وت، لەسەر ئەو بابەتە کەس پەیوەندی بە ئێمەوە نەکردووە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق