له‌ 15 گوندى سیده‌كان كلۆ بڵاوبووه‌ته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى قه‌زاى سیده‌كان زینده‌وه‌رى “كلۆ – كوله‌” به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و هۆبه‌ى كشتوكاڵیش ده‌ڵێت، ساڵانه‌ ئه‌و بڵاوبوونه‌وه‌یه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و زیانى راسته‌وخۆشى بۆ سه‌ر بوارى كشتوكاڵ هه‌یه‌.

هاوڵاتیانى گوندى “كه‌ژه‌ك”ى سه‌ر به‌ قه‌زاى سیده‌كان، ڤیدیۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى كلۆیان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراون له‌ناو باخچه‌كانیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، داوا ده‌كه‌ن لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار چاره‌سه‌رێكیان بۆ بدۆزنه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى زیان به‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان نه‌گه‌یه‌نن.

عه‌بدولڕه‌حمان مسته‌فا، به‌رپرسی هۆبه‌ى كشتوكاڵى قه‌زاى سیده‌كان به‌ 964ـى راگه‌یاند، بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و كلۆیانه‌ ساڵانه‌ له‌م مانگه‌دا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و تا پله‌ى گه‌رما به‌رزده‌بێته‌وه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت.

وتیشی “بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و كلۆیانه‌ له‌ نزیكه‌ى 15 گوندى سنوورى سیده‌كان بوونیان هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌و گوندانه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر چیا، چونكه‌ ئه‌و كلۆیانه‌ له‌ چیاكان شه‌رغه‌ داده‌نێن و له‌و وه‌رزه‌ فێنكه‌دا بڵاوده‌بنه‌وه‌ و دێنه‌ نزیكترین گوند كه‌ له‌ چیاكانه‌وه‌ نزیكن”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌وان ناتوانن هیچیان بۆ بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه‌یان، ده‌شڵێت “له‌ دواى ساڵى 2014ـه‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێم هیچ جۆره‌ داره‌مانێكى قڕكردن و چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌ كشتوكاڵییانه‌ى بۆ نه‌ناردووین”.

به‌ قسه‌ى به‌رپرسی هۆبه‌ى كشتوكاڵى سیده‌كان، ئه‌و كلۆیانه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌رى خراپ له‌سه‌ر بوارى كشتوكاڵى داده‌نێن بۆ چاره‌سه‌ركردنیشی ده‌ڵێت، “خه‌ڵكه‌كه‌ ناچارن خۆیان ده‌رمان بكڕن”.