نەرمین مەعروف: دووبارە باج خستنەوە سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هێشتا فکرەیە

964+

فەهمی نەبی

دەنگۆی دوبارە باج خستنەسەر کارتی ئینتەرنێت و مۆبایل هەیە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت، لەنێو لیژنەی دارایی ئەمە هێشتا وەک فکرە باسی لێوەکراوە.

چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە هەیە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمیانی گفتوگۆی لەسەر بڕگەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی پێشنیازی دووبارە باج خستنەسەر کارتی مۆبایلی کردووە، ئەمەش لەپێناو پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجە هەیە، 964 بەدواداچوونی بۆ دروستی ئەو بابەتە کرد.

کورتهێنان لە بودجەی گشتی ئەمساڵ 64 ترلیۆن و 469 ملیار و 192 ملیۆن و 600 هەزار دینار دیاریکراوە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ 964 هێندەی وت “ئەو بابەتە لەنێو لیژنەی دارایی هێشتا وەک فکرەیە، هیچ بڕیارێک نییە”.

ساڵی 2015 حکومەتی عێراق لەپێناو ئەو کورتهێنانەی لە بودجە هەبوو کە لەئەنجامی شەڕی دژ بە رێکخراوی داعش دووچاری هات، بەڕێژەی %20 باجی خستە سەرهەریەکە لە کارتی مۆبایل، کارتی ئینتەرنێت و بلیتی فڕۆکە.

بڕیاری سەپاندنی باج لەسەر کارتی ئینەرنێت، مۆبایل و بلیتی فڕۆکە لە 22.11.2022 لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەبڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵگیرا.