عەبدوڵا لەگەڵ غاز درەوشایەوە و یانەکەی چووە قۆناغی داهاتوو
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی غازی جنوب کە نوێنەرایەتی یانەکانی عێراق دەکات لە رکابەرایەتییەکانی بالەی یانەکانی ئاسیا لە سێ یاریدا دوو براوەی تۆمار کرد.
لە رۆژی سێیەمی پاڵەوانیەتی بالەی یانەکانی ئاسیا، بالەی غازی جنوب لە یانەی کام ئایەری ئەفغانستانی، بەمەش بە دوو بردنەوە لە سێ یاریدا خۆی گەیاندە قۆناغی چارەکی کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە.
پاڵەوانیەتییەکە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەدەچێت.
دوای تەواوبوونی یاریەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە یاری چارەکی کۆتاییدا یانەی غازی جنوب بەرامبەر بە یانەی شورتەی قەتەڕی ببێتەوە.
لەو یارییەی یانەی غازی جنوب بەرامبەر بە یانەی کام ئایەری ئەفغانستانی، یاریزان عەبدوڵا کەریم تاکە یاریزانی کوردی ریزی یانە عێراقییەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد.
یاریزانە کوردەکەی یانەی غازی جنوب بە 964ـی وت، پاڵەوانێتییەکە ئاستێکی بەرزی هەیە و یانەکان بە پێکهاتەی بەهێزەوە بەشدارن و رکابەری دەکەن، یانەکەی ئێمەش کە چوار یاریزانی پیشەگەری بەهێز کردووە، تا ئێستا ئاستێکی بەرزمان پێشکەشکردووە و توانیومانە بە دووەمی کۆمەڵەکە بگەنە قۆناغی داهاتوو.
پێداچونهوه: فەرمان سادق