بۆ نوێکردنەوەکە 10 هەزار دینار وەردەگیرێت
ناسنامەی یەکێتی مامۆستایانت نوێ نەکردبێتەوە بەتەمای ئۆتۆمبێل مەبە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەو مامۆستایانی ئۆتۆمبێلی جۆری جێلی بە قیستی مانگانە رادەکێشن، دەبێت ناسنامەی یەکێتی مامۆستایانیان نوێ بکەنەوە، بەپیچەوانەوە پشتگیرییان بۆ ناکرێت بۆ وەرگرتنی.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی جێلیدا هەیە بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان بە شێوەی قیست، هەر مامۆستایەک ئۆتۆمبێل رابکێشێت دەبێت ئەندامی یەکێتی مامۆستایان بێت و پشتگیری رێکخراوەکەی پێبێت.
ئەو کۆمپانیایە ئۆتۆمبێل بە داشکانی 1500 دۆلار و بە پیشەکییەک، کە لەگەڵ گیرفانی مامۆستایاندا بگونجێت دابیندەکات و ئەوەی دەشمێنێتەوە بە ماوەی پێنج ساڵ وەردەگیرێتەوە.
نوێکردنەوەی ناسنامەی یەکێتی مامۆستایان بۆ دوو ساڵە و بڕی 10 هەزار دینار وەردەگیرێت. ئەمە وتەی عەتا ئەحمەد، ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانە بۆ 964.
تۆڕی 964 دەزانێت، تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 مامۆستا ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە.