بارانبارین
خێرایى با زیاد دەکات
ئەم دوو رۆژە ناوەناوە بارانى بەهارى دەبارێت؛ پلەکانى گەرما بەرز دەبنەوە
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پلەکانی گەرما بەرز ببنەوە و لە هەندێک ناوچە بارانی بەهاری ببارێت.
بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و تۆزێکی سووک هەندێک ناوچە دەگرێتەوە، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە ئەگەری بارانی کورتخایەن و هەورە تریشقە هەیە، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکان، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی خێرایی با لە کاتی بارانەکەدا دەگاتە سەرووی 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
بەپێی پێشبینییەکان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان تۆمار دەکرێت کە 23 پلەی سیلیزییە، دوای ئەویش هەڵەبجە و زاخۆ بە 20 پلە دێن، هەولێر 19، دهۆک و چەمچەماڵ 18، سلێمانی 17، سۆران 16، پیرمام 14 و نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 12 پلەی سیلیزییە، هاوکات لە سەنتەری سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە ئەگەری نمە بارانی کەم هەیە.
سەبارەت بە کەشی سبەی دووشەممە، کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە پلەکانی گەرما کەمێکی دیکە بەرز دەبنەوە و ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ لێزمە بارانی بەهاری لە هەندێک ناوچەی جیاوازدا.
پێشبینی دەکرێت لە ئێوارەی دووشەممەدا باران بارین و هەورە تریشقە زۆربەی ناوچەکان بگرێتەوە و لە هەندێک شوێنیش بارانی بەخوڕ ببارێت، بەڵام ئەمە بە واتای هاتنی شەپۆلێکی سەرتاسەری نییە، بەڵکو تەنیا کەشێکی ناسەقامگیری بەهارییە کە بەهۆی خێرایی چڕبوونەوەی هەورەکان دروست دەبێت.
بۆ سبەی دووشەممەش، گەرمای ناوچەکان زیاتر دەبێت و پلەی گەرما لە گەرمیان دەگاتە 24 پلە، لە زاخۆ و هەڵەبجە دەبێتە 21 پلە، هەولێر 20، سلێمانی 18، دهۆک و چەمچەماڵ 19، سۆران 17، پیرمام 15 و حاجی ئۆمەرانیش دەبێتە 13 پلەی سیلیزی. کەشناسی جەخت دەکاتەوە کە ئەم بارانبارینە لەناکاوە و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە و تەنیا لە چوارچێوەی کەشی وەرزی بەهاردایە.