11 ساڵە چیرۆكى دروستكردنى دووسایدی كۆیە – هه‌ولێر ده‌وترێته‌وه‌

964+

شلێر سەعید – کۆیە

ماوه‌ى پێنج رۆژه‌ رێگاى هه‌ولێر – كۆیه‌ به رووى بارهه‌ڵگره‌كان داخراوه‌، یه‌كێك له‌ داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى خۆپیشانده‌رانیش ته‌واونه‌كردنى رێگاى دووسایدی كۆیه‌ هه‌ولێره‌ كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ به‌رێژه‌یه‌كی كه‌م كارى تێدا كراوه‌و به‌جێهێڵدراوه‌.

به‌پێی ئه‌و ئامار و زانیاریانه‌ى كه‌ ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، كۆی گشتى ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌كه‌ تا ئێستا بریتیه‌ له‌ 22.68%.

لە ساڵی 2011 وە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگای چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی بڕیاریدا رێگای دووسایدى كۆیە – هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 428 ملیار دینار ، بەڵام لە 2013 وە كارەكانی راگیرا.

ئێستاش كه‌ ماوەی پێنج رۆژە بەشێك لە چالاكوانان و گەنجانی كۆیە رێگاى هه‌ولێر – كۆیه‌یان بەرووی بارهەڵگرەكان داخستووه‌و بابه‌تى ته‌واونه‌كردنى دووسایده‌كه‌ى كۆیه‌ – هه‌ولێریش سه‌رله‌نوێ بۆته‌وه‌ داواكارییه‌كی سه‌ره‌كیان.

مەریوان حەسەن یەك لە خۆپیشاندەران بە 964ـی وت، ئەوان رێگرنین لەبەردەم كارو كاسبی هیچ هاوڵاتیەك، به‌ڵام ده‌ڵێت “ده‌مانه‌وێت فشار دروستبكەین و ئاوڕێك لەو رێگە وێرانە بدرێتەوە و چیتر هاوڵاتی نەبنە قوربانی”.

ئاری سابیر رۆژنامەنوس لەبارەی كێشەو گرفتەكانی رێگای كۆیە –هەولێر بە 964 وت، شاری کۆیە بەپێی ھەڵکەوتە جوگرافیەکەی کەوتۆتە نێوان سێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان، بەمەش لۆد و قەرەباڵغیەکی زۆر لەسەره‌.

وتیشی، رێگای كۆیە زیاتر لە 50 ساڵە دروستکراوە، رێژەی لە 60%ـى رووداوەکانی ھاتووچۆش زۆری ژمارەی قوربانیان لە سنوری شاری کۆیە کەوتۆتە ئەم رێگایە.

“رێگای كۆیە زیاتر لە 50 ساڵە دروستکراوە، رێژەی لە 60%ـى رووداوەکانی ھاتووچۆش زۆری ژمارەی قوربانیان لە سنوری شاری کۆیە کەوتۆتە ئەم رێگایە”

بەپێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ 964 له‌ ھاتوچۆی کۆیەى ده‌ستكه‌وتووه‌، ته‌نیا لەماوەی 10 ساڵی رابردودا به‌تایبه‌تیش له‌و بەشە رێگایه‌ى دەکەوێتە جوگرافیای کۆیە 868 رووداوی ھاتووچۆ، روویانداوه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 130 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 1832 كه‌سیش بریندار بوونه‌.

به‌پێی ئه‌و قوناغانه‌ى بۆ كاركردن له‌و پڕۆژه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك گرێبه‌ستى كردووه‌، ده‌بوایه‌ كۆمپانیاى دەلتای رۆمانی به‌درێژى 20.60 كیلۆمه‌تر كارى ئه‌و رێگایه‌ ته‌واو بكات و له‌به‌رامبه‌ردا 94 ملیار و622 ملیۆن و 795 هه‌زار دینار وه‌ربگرێت.

كۆمپانیاى سینك و یوساشی توركى 16.26 كیلۆمه‌تر رێگاى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ته‌واو بكات و بڕى 69 ملیار و 749 ملیۆن و 328 هه‌زار دینار وه‌ربگرێت.

كۆمپانیاى راهان پارسی ئێرانی 11.586 كیلۆمه‌تر  رێگاگه‌ ته‌واو بكات و بڕى 44 ملیار و 762 ملیۆن و 275 هه‌زار دینار وه‌ربگرێت.

دیسان كۆمپانیاى راهان پارسی ئێرانی 13.25 كیلۆمه‌تر  رێگاگه‌ ته‌واو بكات و بڕى 58 ملیار و 875 ملیۆن و 935 هه‌زار دینار وه‌ربگرێت.

كۆمپانیاى سترتۆسی ئێرانى دوو كیلۆمه‌تر رێگا و 2.6 كیلۆمه‌تر تونێل دروستبكات و بڕى 159 ملیار و886 ملیۆن و 844 هه‌زار و 319 دینار وه‌ربگرێت

ته‌نیا  92 ملیار و 331 ملیۆن و 614 هه‌زارو 170 دینار خه‌رجكراوه‌و كۆى گشتى ئه‌نجامدانى رێگاكه‌ش بریتیه‌ له‌ 27% و كۆی گشتى ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌كه‌ش بریتیه‌ 22.68%

به‌پێی ئه‌و زانیاری و داتایانه‌ى كه‌ ده‌ست 964 كه‌وتوه‌وه‌، كۆی بودجه‌ى ته‌رخانكراو بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ 427 ملیار و 897 ملیۆن و 177 هه‌زار و 319 دیناره‌ كه‌ تیایدا بڕی 268 ملیار و 010 ملیۆن و 333 هه‌زار دینار بۆ دروستكردنى رێگاكه‌ ته‌رخان كراوه‌.

ته‌نیا  92 ملیار و 331 ملیۆن و 614 هه‌زارو 170 دینار خه‌رجكراوه‌و كۆى گشتى ئه‌نجامدانى رێگاكه‌ش بریتیه‌ له‌ 27% و كۆی گشتى ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌كه‌ش بریتیه‌ 22.68%.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن