لەسەر تەقەکردنەکەی شەقامی 60 مەتری هەولێر شەش کەس گیران
964+
فەرمان سادق
کەمێک پێش ئێستا لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر کەسێک بە چەک بریندار دەکرێت، ئاسایشی هەولێر دەڵێت لەسەر رووداوەکە شەش کەس گیراون.
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە دەست 964 کەوتووە، لەسەر شەقامی 60 مەتری، لە بەردەم چێشتخانەی ئەبو شەهاب، کەسێک کە کرسێکی رەشی لەبەردایە هەوڵدەدات تەقە لە کەسێکی دیکە بکات کە کەسی تەقەلێکراو هەوڵدەدات ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب بکاتە بەربەستی خۆپاراستن، بەڵام لە هەوڵەکەی سەرکەوتوو نابێت و کراس رەشەکە کە دەمانچەیەکی بە دەستەوەیە، تەقەی لێدەکات و برینداری دەکات.
هێشتا لایەنی تەندروستی هیچ زانیارییەکی لەسەر تەندروستی ئەو کەسە رانەگەیاندووە، پەیامنێری 964 پەیوەندی بە راگەیاندنی تەندروستی هەولێر کرد، بێئاگایی خۆیان لە وەها رووداوێک راگەیاند.
لەسەر رووداوەکە ئاسایشی هەولێر دەڵێت شەش کەسیان گرتووە.
لە راگەیەندراوێکدا وتەبێژی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، پاش رووداوی تەقەکردنی ئەم ئێوارەیەی شەقامی 60مەتری لەنێوان دوو خێزان کە پێشتر کێشەی کۆمەلایەتی لە نێوانیان هەبووە، هێزە هاوبەشەکانی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر “دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لەسەر فەرمانی دادەوری لێکۆلینەوە شەش کەس لە تۆمەتبارانی رووداوەکە دەستگیر کران و دەدرێنە دادگا بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان”.