بەڕێوەبەری شارەوانی: بڕیارە چاڵەکانی رێگای مەخمور بەزوویی چاک بکرێن

964+

فەهمی نەبی

دوای ئەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی قەزای مەخمور لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان گلەییان هەبوو لە بوونی ژمارەیەکی زۆری چاڵ لە رێگای مەخمور، 964 بەدواداچوونی بۆ کێشەکانی ئەو رێگایە کرد.

بەپێی زانیاریەکان چاڵەکان بەدیاریکراوی دەکەونە نێوان زوورگەزراو تا بازاڕگە، هەندێک لەو هاوڵاتیانە باسیان لە تەقینی تایەی ئۆتۆمبێڵەکانیان کردووە بەهۆی ئەو چاڵانە.

زیرەک حەسەن سەرۆکی شارەوانی مەخمور ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ 964 قسەیکرد وتی “لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی کەندێناوە نوسراو کراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی هەولێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ئامێرەکانیان پەکی کەوتووە بۆیە چاوەڕێ دەکرێت چاکبێتەوە ئینجا دەستبکرێت بە چاککرنەوەی شەقامەکە، بڕیارە بەزوترین کات ئەوچاڵانە چاکبکرێنەوە”.

هاوکات بەڕێوەبەری شارەوانی مەخمور ئەوەش دەڵێت، دوای تەلەفونەکەی ئێوە بەدواداچوونی نوێی بۆ دەکەین و دڵنیاین بەزوویی چارە دەکرێت.

بەشێکی دیکەی هاوڵاتیان باسیان لە هەبوونی کێشەی رووناککەرەری رێگای بازاڕگە دەکرد، لەبارەی بوونی گرفتێکی لەمجۆرە، بەڕێوەبەری شارەوانی مەخمور وتی “ئەو رێگایە 93 رووناکەرەوەی بۆ دانراوە، مانگی پێشوو وەرگیراوە، لەو ژمارەیە 33 دانەیان کێشەی هەبوو، دەرکەوت شۆرتی کارەبای تێدایە بۆیە کاری نەدەکرد، کێشەکە دۆزراوەتەوە و لەماوەی دوو رۆژی داهاتوو شەقامی بازاڕگە روناک دەکرێتەوە.

قەزای مەخموور بەدووری 65 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر، لەساڵی 1927 بوەتە قەزا و ژماره‌ی دانیشتوانی ناوه‌ندى قه‌زاكه‌ 38 هه‌زار و 486 که‌سه‌.