خولی نایابی كوردستان
دێربیی بادینان به بردنه‌وه‌ی دهۆك كۆتایی هات
+964
زەید کۆچەر – دهۆک
له یارییه‌كی به‌هێزی خولی نایابی كوردستان، یانه‌ی دهۆك له یاریگه‌ی خۆیدا له یانه‌ی زاخۆی برده‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه گه‌ڕی 28ی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، یاریی به‌هێز و لووتكه، دێربیی بادینان بوو له نێوان دهۆك و زاخۆ، كه له دهۆك كرا، له ئه‌نجامیشدا یانه‌ی خاوه‌ن یاریگه به 3-2 گۆڵ براوه بوو.
دهۆک و زاخۆ یارییه‌كه‌یان به گه‌رموگوڕی ده‌ستپێكرد، به‌ڵام له خوله‌كی 43دا یانەی زاخۆ توانی گۆڵی یەکەم لە رێگه‌ی یاریزان “هۆگر عەبدال” تۆمار بكات.
دوو خولهك دواتر یانه‌ی دهۆک توانیان به گۆڵی یاریزانی پیشه‌گه‌ر “شاڤیۆ مۆمۆنی” یارییه‌كه یه‌كسان بكه‌نه‌وه و گێمی یەکەمی به یه‌كسانی كۆتایی هات.
لە گێمی دووه‌مدا یاریزانانی دهۆک هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر گۆڵی زاخۆ ده‌ستپێكرد و له خولەکی 54 گۆڵی دوومیان به هۆی “هەرێم تەحسین” تۆمار كرد، به‌ڵام تیپه‌كه نه‌یتوانی به‌رگرییه‌كی باش له ئه‌نجامه بكات و دوو خولهك دواتر یانەی زاخۆ توانی گۆڵی یەکسان به‌هۆی یاریزان “یوسف ئەیوب” تۆمار بكات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا سیناریۆی یارییه‌كه گۆڵی دیكه‌ی تێدا بوو، له خوله‌كی 89 گۆڵی سێیەم و سەرکەوتن له رێگه‌ی شاڤیۆ مۆمۆنی” بۆ یانه‌ی دهۆك تۆمار كرا و یارییه‌كه‌یان به 3-2 گۆڵ برده‌وه.
یانه‌ی دهۆك هه‌وڵه‌كانی بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌م وه‌رزه له خولی نایابی كوردستان بمێنێته‌وه و دانه‌به‌زێت، كه ئێستا له پله‌كانی كۆتایی ریزبه‌ندییه‌كه‌دایه.
هاوكات ئه‌نجامی یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه بوون:
شێروانه 3-3 سۆران
ده‌ربه‌ندیخان 0-0 چوارقوڕنه
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 4-0 چه‌مچه‌ماڵ
هندرێن 3-0 ئاكرێ
سیروانی نوێ 1-1 برایه‌تی
سه‌یدسادق 1-3 شه‌قڵاوه
ئێستا له خوله‌كی نایابی كوردستان یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به 48 خاڵ له پله‌ی یه‌كه‌مه.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا