25 تۆڕ دەستی بەسەردا گیراوە
سێ کەس لەسەر راوی ماسی دەستگیرکران
964+
كوردستان ئەحمەد
لەسەر راوی ماسی سێ کەس لە سلێمانی دەستگیرکران و 23 تۆڕ و بەلەمێکیش دەستیان بەسەردا گیرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 25.4.2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند لە دەریاچەی دەربەندیخان و دەریاچەی سیروان، سێ راوچی دەستگیر کراون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆیان لە فەیسبوك نووسیویەتی، كارمەندەكانی خاڵ سەرەكی دەریاچەی دەربەندیخان راوچیەكەیان لە كاتی راوكردندا دەستگیركردووە.
لە وێنەكاندا دەردەكەوێت، راوچیەكە تۆڕی پێیە و چەند ماسیەكی لەت و پەت كردووە كە لە دەریاچەكە گرتوویەتی.
هەر ئەمڕۆ لە دەریاچەی سیروان 19 تۆڕی راوکردنی ماسی هەڵگیرانەوە کە هیچ ماسیەکیان پێوە نەبوو و هەروەها خاوەنەکەشی نادیار بووە.
لە هەوڵێکی دیکەی راوکردنی ماسی هەر لەسەر دەریاچەی دەربەندیخان دوو هاوڵاتی دەستگیركراون و بەلەمێكی بچوك و شەش تۆڕ دەستیان بەسەردا گیراوە.
پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ راوچیەكان كراوەتەوە و رادەستی دادوەری لێكۆڵینەوەی تاوانەكان كراون، رێکاری یاسایی دژی ئەو كەسە گیراوەتەبەر. بەپێی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی
لەم وەرزەدا راوكردنی ماسی بەهۆی دانانی گەراوە قەدەغەیە و لەماوەی رابردووشدا چەندین جار پۆلیسی دارستانی هەرێمی كوردستان چەند راوچیەكی دەستگیركردووە.