پۆلیسی سلێمانی ئەو کەسەی دەستگیر کرد کە پوری خۆی خنکاند - وێنە: پۆلیسی سلێمانی
دوای نزیکەی یەک ساڵ و نیو
پۆلیسی سلێمانی ئەو کەسەی دەستگیر کرد کە پوری خۆی خنکاند
964+
شۆڕش قادری
دوای نزیکەی یەک ساڵ و نیو، پۆلیسی سلێمانی بە هاوكاری دەزگای هەواڵگریی حكومەتی فیدراڵ، ئەو کەسەی دەستگیر کرد کە لە گەڕەکی سەرچنار پووری خۆی خنکاند.
سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی لە رۆژی 17.8.2023 ژنێك لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی بە خنكاوی دۆزرایەوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دەركەوت لەلایەن خزمێكی خۆیەوە كوژراوە و بكوژەكەش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بووە تا ئەو كاتەی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبار دۆزرایەوە و لە دوو سێ رۆژی رابردوودا توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن و بە هاوكاری دەزگای هەواڵگریی حكومەتی فیدراڵ تۆمەتبار لە پارێزگای عەمارە دەستگیر بكرێت.
“ئێستا تۆمەتبار ( ك ،ع، ف بە نەتەوە عەرەب ، لەدایكبووی 2006 ) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیدا”، سەرکەوت ئەحمەد وای وت.
ئاشکراشی کرد، تۆمەتبار لە پارێزگای عەمارەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی هەستاوە بە خنكاندنی پووری خۆی.