راهێنەری یانەی دهۆک دەستیلەکارکێشایەوە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
دوای ئەو دۆڕانەی ئەمڕۆ یانەی دهۆک بەرامبەر یانەی تەڵەبە دووچاری هات، راهێنەری ئەو یانەیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی کارگێڕی یانەکە کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە لە یاریگای خۆی یانەی دهۆک بەرامبەر یانەی تەڵەبە بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر دووچاری دۆڕان هات، سلێمان رەمەزان راهێنەری یانەی دهۆک دەستیلەکارکێشایەوە.
شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆک بە 964ی وت “دەستلەکارکێشانەوەی راهێنەری دهۆک، دوای ئەو دۆڕانە یەک لە دوای یەکانە هات کە لە چەندین یاری رابردوودا تۆماریکرد، ئەمڕۆ نەیتوانی لە نێو یاریگای خۆمان سەرکەوتن تۆمار بکات، بەو هۆیەوە دەستلەکارکێشانەوەی داوەتە کارگێڕی یانەکە”.
شڤان محەمەد، ئەوەشی وت “یانەی دهۆک بەمدواییە کەوتۆتە بارودۆخێکی زۆر خراپ، چەندین ئەنجامی لاوازی تۆمارکردووە، بەجۆرێک لە چوار یاری کۆتایی خولی عێراق نەیتوانی هیچ سەرکەوتنێک تۆمار بکات”.
دوای ئەو دۆڕانەی یانەی دهۆک ئەمڕۆ بەرامبەر یانەی تەڵەبە تۆماریکرد ژمارەی خاڵەکانی بوەتە 36 خاڵ لە ریزبەندی حەوتەمە.
بەگوێرەی زانیاری 964 تا ئێستا کارگێڕی یانەی دهۆک وەڵامی ئەو داوایەی سلێمان رەمەزان راهێنەری یانەی دهۆکی نەداوەتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی