گوندی سگێرێ لە قەزای ئامێدی بۆردومان کرا

+964
عەمار عەزیز – دهۆک

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ گوندی سگێرێ له‌ قه‌زای ئامێدی له‌ لایه‌ن چه‌ند فڕۆكه‌كیه‌ك بۆردومان کرا، بەهۆی ئەوەشی ئەو ناوچەیەی بۆردومان کراوە شوێنی قەدەغەکراوه‌، نه‌توانراوه‌ زیانه‌كان بزانرێت.

گوندێ سگێرێ، بە دووریی پێنج کێلومەتر دەکەوێتە سەنتەری ئامێدی، پێش دوو رۆژە بە هەمان شێوە گوندەکە بوردومان کراوە.

رەڤەند گوهەرزی، چالاکوان لە گوندی گوهەرزی لە سنوری ئامێدی بە تۆڕی 964ی وت، “دەوروبەری کاتژمێر 11ی پێش نیوەرۆی ئەمڕۆ، چه‌ند فڕۆکەیه‌ك گوندی سگێرێیان بۆردومان کرد، دووری نێوان من ئەو شوێنەی بۆردومان کرا تەنیا دوو کیلۆمەترێک دەبێت، لە کاتی بۆردومانەکەشدا چەند وێنەکەم گرت، كه‌ بە روونی دەنگی بۆردومانه‌كه‌ هەستی پێكرا، هەروەها دووکەڵەکەشی بینرا”.

ئەمە لە کاتێکدایە پێش دوو رۆژ جارێكی دیكه‌ گوندی سگێرێ و چوار شوێنی دیكه‌ لە سنوری قەزای ئامێدی بۆردومان کران.

“ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون، شوێنی قەدەغەکراون، کەس ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنانە، چونکە بەردەوام مەترسی بۆردومانی هەیە، بۆیە نازانرێت زیانەکان چین، به‌ڵام ئەوەی هەیە زیانی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە کەوتووە، ئەم جورە حاڵەتانە دەتوانم بڵێم بەردەوام لە سنووری قەزایەکە دووبارە دەبنەوە”، رەڤەند گوهەرزی وای وت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا