قەدەغەی شۆفێری تاکسی لەسەر ئەم فەرمانبەرانە هەڵگیرا

 964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی هەرێم ئەو بڕیارەی هەموارکردەوە کە کاری شۆفێری تاکسی قەدەغەکردبوو لەو فەرمانبەرانەی بەرگری و ئاسایش کە مووچەکانیان لەسەروو 600 هەزار دینارەوەیە و دەڵێت، لەمەودوا ئەوانیش دەتوانن ئەو کارە بکەن.

وەزارەتی ناوخۆ هەمواری ئەو بڕیارەی بە نوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی و فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ کردووە.

نوسراوەکە واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە و لە رۆژی 13.4.2023 دەرچووە.

“رەزامەندی هەیە کارمەندانتان لەدوای دەوامی فەرمی کاری شۆفێریی تاکسی بکەن بەو مەرجەی کاری پێویست ئەنجامبدەن بە لێدانی لۆگۆ لە تاکسییەکانیان”، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر کەسێک تا 15.7.2023 تاکسیەکەی لۆگۆی لەسەرنەبێت و کاری شۆفێری تاکسی بکات، سزای دارایی دەدرێت و تاکسیەکەشی دەنێردرێت بۆ لێدانی لۆگۆ.

لە مانگی ئازاری ساڵی 2019ـدا، حکومەتی هەرێم بە بڕیارێک کاری شۆفێری تاکسی قەدەغەکرد لە ئەو فەرمانبەرانەی کە لە هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیسی هاتوچۆ و سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی دیکە دەوام دەکەن و مووچەکانیان لە سەروو 600 هەزار دینارەوەیە.