پێشانگای کتێب لە سلێمانی بێدڵی سەدام حسێنی نەکرد
پارساڵیش سوڵتان هاشم بەشداری کردبوو
+964 – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
سەدام حوسێن، بە کتێبی زبیبە والملك بەشداری لە چوارەمین پێشانگای کتێب لە سلێمانی دەکات، هەرزوو رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید دێتە دەنگ، کتێبەکە رادەگیردرێت.
خانەی چاپی “Old Book” کە خانەیەکی چاپی عەرەبییە، بەشدارە لە چوارەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی، یەکێک لەو کتێبانەی نمایشی کردووە بەناوی “زبیبە والملك”ـە، کە ناوەڕۆکی کتێبێکی ئامۆژگاری سیاسییەو، سەدام حوسێن نووسەرەکەیەتی.
دوێنێ هەینی کە یەکەم رۆژی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بوو، بوونی ئەو کتێبە لە پێشانگایەکەدا هەرایەکی گەورەی دروستکرد.
دەشڵێت، شوێنی کارکردن و بارەگای خانەی چاپی “Old Book” لە هەرێمی کوردستان نییە و هۆکاری لابردنی کتێبەکەش ئەوەیە کە نوسەرەکەی سەدام حسێن-ە و پیاهەڵدانە بە سیاسەتەکانی خۆی.
رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید و گۆڤاری تۆپزاوە، کە دوو لایەنەنن گرنگی زۆر بە پرسەکانی ئەنفال دەدەن، لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، کتێبەکە پیاهەڵدانە بە سیاسەتی حیزبی بەعس و سەدام حسێن، دەبێت لاببرێت و رێکاری توندیش بەرانبەر بەو ناوەندە بگیردرێتەبەر.
“ساڵی رابردووش، لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی، کتێبێکی تاوانباری ئەنفال (سوڵتان هاشم) نمایش کرابوو کە نکۆڵی لە تاوانی ئەنفال دەکرد”
لەسەر بوونی ئەو کتێبە لە پێشانگایەکەدا، نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان بە میدیازانی راگەیاند، کتێبەکە لەلایەن خانەیەکی چاپی عەرەبی بەناوی “Old Book” براوەتە پێشانگای سلێمانی، دوای پێزانینی هەرزوو کتێبەکە کۆکرایەوەو لابرا، وتی “ئەو خانەی چاپە، ئۆفیسی لە هەرێمی کوردستان نیە، رێکاریش دەگرینەبەر”.
و هۆکاری لابردنی کتێبەکەش ئەوەیە کە نوسەرەکەی سەدام حسێن-ە و پیاهەڵدانە بە سیاسەتەکانی خۆی.
چوارەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە بەشداری ٢٥٠ خانەی چاپ لە ٢٠ وڵاتی جیاواز کرایەوە کە زیاتر لە هەزار ناونیشانی کتێبی جیاوازی تێدایە، بڕیارە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت.
رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید و گۆڤاری تۆپزاوە ئەوەش دەڵێن کە ئەمە جاری یەکەم نیە کتێبی سەرانی بەعس بەشداری پێشانگای سلێمانی پێ بکرێت “بە داخەوە ئەمە جاری یەکەم نییە و ساڵی رابردووش، لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی، کتێبێکی تاوانباری ئەنفال (سوڵتان هاشم) نمایش کرابوو کە نکۆڵی لە تاوانی ئەنفال دەکرد”.