رانیە: دوای 22 ساڵ بەردەم شوێنکارەکانیان کۆنکرێت دەکرێت

964+

مەجید بیتوێنی – رانیە

دوای 22 ساڵ لە دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی نوێ لە رانیە لە ئیدارەی راپەڕین، شارەوانی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ئیدارە سەربەخۆکان دەستی کردووە بە قیر و کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی.

بەرهەم رەسوڵ سەرۆکی شارەوانيی رانیە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، “کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەستیپێکردووە، تا ئێستا شەش هەزار و 200مەتر دووجا کۆنکریت کراوە، سێ هەزار و 200 مەتر دووجاش قیر کراوە”.

ئاشکراشی کرد، ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی 468 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، لە لایەن کۆمپانیای (بڕاون هاوس) لە ماوەی 250 رۆژدا جێبەجێ دەکرێت.

وەستا قادر ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌خدر ماوەی بیست ساڵە لە ناوچەی پیشەسازی رانیە کاری رۆنگۆڕی دەکات بە تۆڕی 964ی وت، ” نزیکەی چارەگە سەدەیەکە چاوەڕی ئەم پڕۆژەیە بووین، هیوادارین بە زوویی تەواو بکرێت و بێ جیاوازی هەموو کۆڵانەکان کۆنکرێت بکرێن”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا