بۆ ماڵە هەژار و بێباوکەکان کەمپەینیان دروستکردووە
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
بوونی نزیکەی 600 خێزانی هەژار و بێباوک، خۆبەخشانی سنووری قەزای حاجیاوای ناچارکرد، کەمپەینیان بۆ دروستبکەن، خۆبەخشێکیش دەڵێت، لەیەکەم ساتی دەستپێکردنی کەمپەینەکە نزیکەی ملیۆنێک دینار کۆکراوەتەوە.
کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخشی قەزای حاجیاوا، لە ژێر ناونیشانی بێ سەرپەرشتان لە ناو بازاڕی حاجیاوا کەمپەینێکی شەش رۆژییان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری راگەیاند.
نهوزاد سێوكانى، سەرپەرشتیاری کەمپەینەکە بە 964ـی وت، بەهۆی گونجاوی نرخی شوێنی نیشتەجێبوون و خانوو، کۆمەڵێکی زۆر خەڵکی کەم دەرامەت روویان لە قەزای حاجیاوا کردووە و لێرە دەژین، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کەم دەرامەت لەم ناوچەیە کۆ ببنەوە.
بەپێی ئامارێکی نافەرمی کە دەست تۆڕی 964 کەوتووە، لە قەزای حاجیاوا نزیکی 600 خێزانی کەم دەرامەت هەن، کە ئەمەش رێکخراو و خۆبەخشەکانی ناوچەکەی ناچار کردووە بەردەوام کەمپەین رابگەیەنن و هاوکاری کۆ بکەنەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانە.
نهوزاد سێوكانى وتیشی، تەنیا لە کاتی کردنەوەی کەمپەینەکەدا بڕی 900 هەزار دینار کۆکراوەتەوە، کە سەبەتەی خۆراکی بۆ 20 ماڵ پێ دابین دەکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، کەمپەیەنەکە بۆ ماوەی شەش رۆژ بەردەوامی دەبێت و هەموو ئەو پارەیەی کە کۆ دەکرێتەوە دەدرێت بە سەبەتەی خۆراک و بەسەر ئەو خێزانە هەژارانەدا دابەش دەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی