سەرۆكی لیژنەی خۆراكی نەخۆشخانەیەکی کەرکوک بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر كرا

964+
كاروان ساڵحی – كەركوك

سەرۆكی لیژنەی خۆراكی نەخۆشخانەی ژنانی كەركوك بە هۆی گەندەڵییەوە لە لایەن دەستەی دەستپاكییەوە دەستگیركرا.

ئەمرۆ پێنجشەممە  6.4.2023 سەرۆكی لیژنەی خۆراكی نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی شاری كەركوك، كە لە هەمان كاتدا پیشەكەی پزیشكە بە تۆمەتی گەندەڵی لە كڕینی خۆراك بۆ نەخۆشخانەكە لە لایەن نوسینگەی كەركوكی دەستەی دەستپاكییەوە دەستگیركرا.

سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك بە تۆڕی 964ی وت، ئەو پزیشكەی سەرۆكی لیژنەكەیە گەندەڵی كردووە لە كڕینی گۆشت بۆ نەخۆشخانەكە و بایی چوار ملیۆن دیناری كڕێوە، بەڵام لە وەسڵی فەرمی بڕی 10 ملیۆن و نیوی نوسیووە، دەستەی دەستپاكی لە بەدواداچونی ورد بووە لە دۆسیەکە و لە كاتی وەرگرتنی پارەی جیاوازی وەسڵەكان، كە بڕی شەش ملیۆن و 500 هەزار دینار بووە، توانیان بە پێی مادەی 315 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیری بکەن.

بە پێی زانیاریەكانی تۆڕی 964 لە كۆتاییەكانی مانگی شوباتی رابردوودا بە هەمان شێوە دوو پەرستاری ئەو نەخۆشخانەیە بانگهێشتی دادگا كران، بە تۆمەتی گەندەڵی لە نووسینی ناوی نەخۆش بۆ ژەمەخواردن، پاشان بە كەفالەت ئازاد كران، دوای چەند رۆژێك لە ئازادكردنیان لە لایەن كارمەندانی ئەو نەخۆشخانەیە لە بەردەم بینایەی نەخۆشخانەكە خۆپێشاندان کرا وەك پاڵپشتییەك بۆ هاورێیەكانیان .

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا