وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق:

سزای دڕاندنی پاسه‌پۆرتی عێراقی لانیكه‌م سێ ساڵ زیندانیكردنه‌

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند، یاسای پاسپۆرت لانیکەم سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ سەرپێچیەکان دیاریی كردووه‌، کە لە مادەی (15)دا دیاریی کراوە.

عەقید محه‌مه‌د عەلی حەسون، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26.11.2026 له‌ راگه‌یاندراوێكدا دووپاتی کردەوە، یاسای پاسپۆرت ژمارە (32)ی ساڵی 2015 سزای یاسایی بۆ هەر کەسێک دیاریی کردووە، کە سەرپێچی پەیوەست بە پاسپۆرتەوە ئەنجام بدات، بەمەش یاساكه‌ هه‌وڵی پاراستنی بەڵگەنامە فەرمییەکان ده‌دات و رێگری لە خراپ بەکارهێنانیان یان دەستکاریکردنیان ده‌كات.

حەسون روونیکردەوە، لە مادەی (15)ی یاساکەدا لانی کەم سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ هەر کەسێک دیاریکراوە, کە هەریەکێک لەم کارانەی خوارەوە ئەنجام بدات:

یەکەم: فرۆشتن، کڕین، یان بەدەستهێنانی پاسپۆرتی عێراقی بە مەبەستی بەکارهێنانی پێچەوانەی ئەو مەبەستەی کە بۆی دەرچووە.

دووەم: له‌ناوبردن، تێکدان، عه‌یبداركردن، یان پووچەڵکردنەوەی پاسپۆرتێکی رەوا بە مەبەستێكی زیانبەخش.

سێیەم: جێهێشتنی کۆماری عێراق یان هەوڵدان بۆ جێهێشتنی، دوای ئاگادارکردنەوەی ئه‌و كه‌سه‌ لە قەدەغەکردنی هاتوچۆ.

چوارەم: چوونە ژوورەوە بۆ کۆماری عێراق یان هەوڵدان بۆ چوونە ناو کۆماری عێراق لە رێگا و شوێنەکانی تر، جگە لەوانەی بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەنامەکان دیاری کراون.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوون بە ڕێنمایی و رێسا یاساییەکانی تایبەت بە پاسپۆرت دەکاتەوە، هەروەها هۆشداری دەدات لە ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک کە کاریگەری لەسەر یەکپارچەیی بەڵگەنامە فەرمییەکان یان رێکارەکانی گەشتکردن و چوونە ناو وڵات هەبێت، ئەمەش بەهۆی بەرپرسیاریه‌تیی یاسایی، کە لە ئەنجامدا دروست دەبێت.

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر تیكتۆكه‌رێكی كورد له‌ هه‌ولێر وه‌ک ده‌ربڕینی هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڤیدیۆیه‌كدا پاسپۆرته‌كه‌ی خۆی دڕاند.